ده‌نگۆیه‌ك له‌ باره‌ی خۆبه‌خشه‌ باڵابه‌رزه‌كه‌ ره‌تده‌كرێته‌وه‌

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/de3d4e9c-cc06-4a45-b129-5fab74aef692/xobaxshaka.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

ئەو دەنگۆیانە بە درۆ دەخرێنەوە ئەو خۆبەخشە ئەمەریكییە باڵا بەرزەكەی میحوەری مەخموور  چووبێتە نێو داعش  یان كوژرابێت.

ئەو ئێستا لە میحوەری مەخموورەو هاوشانی پێشمەرگە لە سەنگەرەكانی پێشەوەی شەڕی داعشە.

(جون كۆڵ) ئەو خۆ بەخشە ئەمەریكییەی بە پڵنگە درێژەكە لە نێو پێشمەرگە ناسراوە، نەكوژراوەو نە چووەتە نێو داعش، لە میحوەری مەخموور وەك خۆبەخشێكی ئەمەریكی، لەگەڵ پێشمەرگە دژی داعش لە سەنگەرەكانی شەڕدایە.

لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وا بڵاوكرایەوە (جۆن كۆڵ)، لە تەقینەوەكەی ئەم دواییەی مەخموور كوژرابێت، دواتریش  ئەو دەنگۆیە بڵاوكرایەوە ئەم خۆبەخشە  چووبێتە نێو داعش.

(جۆن كۆڵ) تەمەنی 23 ساڵەو خەڵكی ویلایەتی كارۆڵاینای باكوورە، بەڵام ئێستا جۆن دەڵێت: "مەخموور ماڵ و نیشتمانی منە".

جۆن لە نێو مۆبایلەكەیەوە ئەو پۆستانە دەخوێنێتەوە كە بڵاوكراونەتەوە گوایە شەهید بووە.

ئه‌و خۆبه‌خشه‌ لە ئەیلوولی 2015وە هاتووەتە باشووری كوردستان و هاوشانی پێشمەرگەیەك، لەمیحوەری مەخمور شەڕ دژی داعش دەكات.

بەهۆی بەرزی باڵاكەی كە 2مەترو 15 سانتیمەترە و قسە خۆشەكانی لەگەڵ پێشمەرگە، بووەتە هاوڕێی پێشمەرگەكان و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جۆن خۆی فێری زمانی كوردی دەكات و بە كوردییه‌كی كەم قسە لەگەڵ پێشمەرگەكان دەكات.

لەگەڵ شەڕی داعش، ژمارەیەك خۆبەخشی بیانی وەك پێشمەرگە هاتوونەتە بەرەكانی شەڕ و هاوشانی پێشمەرگە دژی داعش دەجەنگن

جۆن یەكێكە لەو خۆ بەخشانەو وەك خۆی دەڵێت: "زۆر رۆژئاوایی دەیانەوێت بێنە نێو ریزی پێشمەرگە و شەڕ بكەن، بەڵام ئەوان نایانەوێت چاوەڕێ بكەن تاوەكو لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە رەزامەندیان بۆ دێتەوە و دەیانەوێت راستەوخۆ بچنە بەرەكانی شەڕ و هەروەكو خۆی دەڵێ "دەست بكەن بە كوشتنی داعشەكان".

جۆن بۆ ماوەی چەند مانگێكیشە لە رۆژئاوای كوردستان لەریزەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل لەدژی داعش شەڕی كردووە.

ئەو دەڵێ پێش ئەوەی بێتە باشووری كوردستان، لای خانەوادەكەی گوتوویەتی بۆ گەشت دەچێتە ئوردون، بەڵام لەوێ بەفڕۆكە دێتە هەرێمی كوردستان و ئێستە لە میحوەری مەخموورە.

خانەوادەكەی یەكەمجار تووشی شۆك بوون و دەترسان، بەڵام ئێستا دەزانن كە سەلامەتە.

Fly Erbil Advertisment