ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین پارێزگاری نوێی هەڵبژارد
پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدین هەفتەی رابردوو لە پۆستەکەی کشایەوە
.jpg)
K24-هەولێر
ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لە باکووری عێراق، ئەمڕۆ دوو شەممە بە زۆرینەی دەنگ ئەحمەد عەبدوڵڵا ئەلجبوریی وەک پارێزگاری نوێی سەڵاحەدین هەڵبژارد.
ئەمە لە کاتێکدایە ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لە راگەیەندراوێکدا پێشتر گوتی: "ئەنجوومەن ئەمڕۆ (چوار شەممە 6/4/2016) بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی کشانەوەی پارێزگاری سەڵاحەدین، رائید ئەلجبوریی لە پۆستەکەی پەسەند کرد و دەرگای خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی پارێزگاری سەڵاحەدین واڵا کرد".
پارێزگای سەڵاحەدین کە شاری تکریت ناوەندێتی کەوتووەتە باکووری عێراق و هاوسنوورە لەگەڵ باشووری کوردستان و نزیکەی ساڵێکە لە بندەستی چەکدارانی داعش دەرکراوە.
ئەحمەد عەبدوڵڵا ئەلجبوریی سەرۆکی کوتلەی ئەلعەرەبییەیە لە پارێزگای سەڵاحەدین کە سەر بە ساڵح موتڵەگە، جێگری پێشووی سەرۆک وەزیرانی عێراق و لە ساڵانی 2013 و 2014 پارێزگاری سەڵاحەدین بوو و دواتر بووە وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری پارێزگاکانی عێراق.
بەڵام دوای دەستپێکردنی گۆڕانکارییەکانی نێو حکوومەتی عێراق لە لایەن حەیدەر عەبادیی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری پارێزگاکانی هەڵوەشێنرایەوە و ئەحمەد عەبدوڵڵا ئەلجبوریی لە پۆستەکەی نەما.
ئا: ئا ، ف