ئێران یەکەم کاروانی سیستمێکی پێشکەوتووی مووشەکی لە رووسیا پێگەیشت
سستمێکی دژە فڕۆکەیە و لە ناوچەکە دەگمەنە

K24-هەولێر
ئاژانسی هەواڵنێری تەسنیمی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند رووسیا یەکەم کاروانی سیستمی مووشەکی بەرگریی ئاسمانیی (S-300) رادەستی ئێران کرد.
ئاژانسەکە لە زاری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، حوسێن جابر ئەنساریی گواستەوە کە: "رووسیا یەکەم کاروانی سیستمی مووشەکی بەرگریی ئاسمانیی (S-300) رادەستی تاران کرد".
ئەمە لە کاتێکدایە رووسیا دەڵێ بۆندی پێدانی سیستمی مووشەکی (S-300) بە ئێران هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتن لە مانگی چواری ساڵی 2015 و لە دوای رێککەوتنی ناووکی نێوان ئێران و ئەمریکا وڵاتانی ئەوروپا رێگەی دا بە پێدانی ئەم سیستمە مووشەکییە بە ئێران.
ئێران و رووسیا لە ساڵی 2007 رێكەوتنێكیان بۆ كڕینی مووشەكی (S-300) بە تێچووی 800 ملیۆن دۆلار واژوو كردووە.
سیستمی مووشەکی (S-300) یەکێکە لە بەهێزترین سستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی دوور هاوێژ لە جیهان و لە لایەن کۆمپانیای ئەڵمازی رووسیاوە بەرهەمدەهێنرێ و نوێترین سیستمی بریتییە لە (S-400) و ئەم سستمە دەتوانێ هەموو جۆرێ فڕۆکە و چەند جۆرێکی مووشەکی دوور هاوێژ بکاتە ئامانج.
ئا: ئا ، ف