تەرمی ھاووڵاتیەكی كوردستان لە یۆنان دۆزرایەوە

"ئەوانەی پەیوەندییان لەگەڵ كەسوكاریان بچڕاوە سەردانمان بكەن"

K24 - ھەولێر:

بەڕێوەبەری پەنابەران و رەوەندی كوردی لە بەڕێوەبەرایەتی كۆچ و كۆچبەران رایگەیاند، تەرمی ھاووڵاتیەكی خەڵكی ھەولێر لە ناو ئەو تەرمانەدایە كە چەند رۆژ لەمەوبەر لە دوورگەیەكی یۆنان دۆزرانەوە.

لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) نەزهەت حوسێن، بەڕێوەبەری پەنابەران و رەوەندی کوردی لە بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران راگەیاند: "لە نێو ئەو شەش تەرمانەی لە دوورگەی سامۆراسی یۆنان دۆزراونەتەوە، یەکێکیان خەڵکی شاری هەولێرە و ناسنامەی پێنج تەرمەکەی دیکەش دیاری نەکراوە".

نەزهەت حوسێن، داواشی لەو هاوڵاتییانەکرد کە کەسوکارییان بەرەو ئەورووپا کۆچییان کردووە و پەیوەندییان پێوە نەماون، بۆ سۆراخكردنیان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران بكەن، دووپاتیشیکردەوە.

ئاشكرای كرد: "ئەو تەرمەی ناسراوەتەوە و خەڵكی شاری ھەولێرە، لە چەند رۆژی داهاتوو لەسەر ئەرکی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان دەگەڕێندرێتەوە کوردستان".

رۆژی 9ی ئەم مانگە، کەشتییەك کە چەندین پەناخوازی تێدابوو لە دەریای ئیجە نوقم بوو، بەوهۆیەوە ژمارەیەك سەرنشین گیانیان لە دەستدا و تەرمی شەش كەس دۆزراوەتەوە و ئاشكرا كراوە یەكێكیان كوردە و خەڵكی ھەولێرە.