داواده‌كرێت مۆزه‌خانه‌یه‌كی تایبه‌ت به ئه‌نفال بكرێته‌وه
په‌یمانگه‌ی پزیشكی: كه‌لوپه‌لێكی زۆرمان هه‌یه، شوێنمان نییه تێێدا هه‌ڵگرین
K24 - هه‌ولێر:
په‌یمانگه‌ی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان, داوای كردنه‌وه‌ی مۆزه‌خانه‌یه‌كی تایبه‌ت به كه‌لوپه‌لی قوربانیانی ئه‌نفال ده‌كات و له پیشهنگایهكیشدا به‌شێك له پاشماوه‌ی ئه‌و كه‌سانه نمایش ده‌كات, كه له‌لایه‌ن رژیمی به‌عسەوە زينده‌به‌چاڵ كراون.
پێشمه‌رگه‌یه‌كیش له‌نێو پیشهنگاكهدا ده‌ڵێت، هاتووین ئیراده‌مان به‌هێزتر بكه‌ین، تا رێگه نه‌ده‌ین ئه‌و كاره‌ساتانه له هه‌رێمی كوردستان دووبارهببنهوه.
هه‌موویان به‌وردی تێڕاماون، ته‌ماشای ئه‌و دیمه‌نانه ده‌كه‌ن، كه 28 ساڵ پێش ئێستا رژێمی به‌عس ده‌رحه‌ق به میلله‌تی كوردی ئه‌نجامداوه.
په‌یمانگه‌ی دادوه‌ری و زانكۆی هه‌ولێری پزیشكی، شریتی ئه‌و پیشهنگایهیان بڕی، كه به‌وێنه و دیكۆمێنت، كه‌لوپه‌لی منداڵ و گه‌نج و پیری تێدا نمایشكراوه.
به‌رێوه‌به‌ری په‌یمانگه‌ی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستانیش ده‌ڵێت: "كه‌لوپه‌لێكی زۆرمان هه‌یه، شوێنمان نییه تێێدا هه‌ڵگرین، وه‌ك دهستبهسەركراو وان، تكا ده‌كه‌ین ئازاد بكرێن".
په‌یمانگه‌ی داده‌وری ئاواته‌خوازه رۆژێك بێت, شوێنێكی تایبه‌ت به‌م كه‌لوپه‌لانه هه‌بێت، بۆئه‌وه‌ی هه‌ر گه‌شتیارێك، یاخود به‌رپرس و نوێنه‌ری وڵاتانی جیهان, كه هاتنه هه‌رێمی كوردستان، پێش بینینی سرووشت و ئاوه‌دانی شاره‌كان و پێشكه‌وتنه‌كانی كوردستان، ئه‌و دیمه‌نانه ببین، تا بزانن كورد هه‌موو ئه‌و قۆناغانه‌ی له رابردوودا بڕیوه.