دەمیرتاش: ئاكەپە دەیەوێت پەرلەمانتارانی ھەدەپە رەوانەی دادگا بكات
"جگە لە خوا لە كەس ناترسین"
K24 - ھەولێر:
لە بارەی داواكاری ئاكەپە بۆ ھەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارانی ھەدەپە، سەڵاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند، ئاکەپە دەیەوێت پەرلەمانتارانیان رەوانەی دادگا بكات.
لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی (گەلان ھەدەپە) رایگەیاند: " ئاکەپە دەیەوێت پەرلەمانتارانی ھەدەپە رەوانەی دادگا بكات و بڕیاریش وەربگرێت، ئەوانەی دەیانەوێت پارێزبەندی لەسەر ئێمە ھەڵبگرن، ئەو كەسانەن كە دزی و تاڵانی دەوڵەت و گەل دەكەن".
دەمیرتاش، گوتیشی: "جەھەپە ئاشكرای كردووە كە پشتگیری لەو پێشنیازەی ئاكەپە دەكات، ئەوە بڕیاری ئەوانە ئێمە بەردەوام دەبین لە خەباتی خۆمان، جگە لە خوا لە كەس ناترسین، ئەگەر بەھۆی بیر و بۆچوونمان پارێزبەندی لەسەر ئێمە ھەڵبگیرێت ئەوە مەدالیای شەڕەفە بۆ ئێمە".
ئەم گوتانەی دەمیرتاش لە كاتێكدایە بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی توركیا و باكووری كوردستان پەرلەمانتارانی ھەدەپە، چەندین لێدوانی توندیان دژ بە ئاكەپە پارتی دەستەڵاتداری توركیا داوە، لە بەرامبەردا ئاكەپە رایگەیاندووە، پەرلەمانتارانی ھەدەپە پشتیوانی و ھاوكاری پەكەكە دەكەن، بە تۆمەتی پشتگیر و ھاوكاریكردنی تیرۆر لە توركیا ئاكەپە داوای كردووە، پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارانی ھەدەپە ھەڵبگیرێت و لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر بكرێت.