بابەكر دڕەیی: ئەو گروپەی لە پەرلەمانی عێراق دەیانەوێت ئینقلاب بكەن ئایندەیان دیارنییە
"ھەق نییە كورد خۆی بخزێنێتە ناو كێشەی شیعەكان"

K24 - ھەولێر:
ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، ئەو گروپەی مانیان گرتووە یان دەیانەوێت ئینقلاب بكەن بەسەر دۆخەكەدا ئایندەیان دیارنییە، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، یەكبوونی كورد لە بەغدا كارێكی گرنگە، بە تایبەتی لەم دۆخەی ئێستادا، ئەوەی كە دەیبینین ئینقلابە بەسەر تەوافق، ئەوشی خستەڕوو، لە ناو شیعەكاندا كێشەی گەورە ھەیە بۆ دەستەڵات لە عێراق، ھەق نییە كورد خۆی بخزێنێتە ناو ئەو مەسەلەیە.
لە میانی بەشداریكردنی لە گەشتی ھەواڵەكانی (كوردستان24) بابەكر دڕەیی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، لە بارەی دوورخستنەوەی پەرلەمانتارێكی عێراق لە ریزەكانی گۆڕان رایگەیاند: "روونكردنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان روونە چونكە لە ئیجماعی كوردی دەرچووە، یەكبوونی كورد لە بەغدا كارێكی گرنگە، بە تایبەتی لەم دۆخەی ئێستادا، ئەوەی كە دەیبینین ئینقلابە بەسەر تەوافق، واتا تەوافقی ھەموو لایەنەكان بە كورد و شیعە و سوننە، ئیجتماعی كورد ئەوەیە بەرگری بكەن لە نوێنەرەكانیان كە بە تەوافقی سیاسی لایەنەكان دیاركراون".
گوتیشی: "ھەر كەسێك دژی ئەو پڕۆسەیە بێت بێگومان دەبێ سزا بدرێت، ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان كردویەتی سزایەكی حزبییە پەیوەندی بە شتی دیكەوە نییە، پێویستە ھەموو حزبەكانی دیكەی كوردستان كاتێك ئەندامانیان سەرپێچی دەكەن لە پڕۆسەیەكی مێژوویی و ھەستیاری وەكو ئێستای بەغدا دەبێ ھەڵوێستیان ھەبێت".
لە بارەی ئەوەی كە دەگوترێت بزوتنەوەی گۆڕان بۆیە ئەو پەرلەمانتارەی دوورخستوەتەوە، چونكە خۆی كاندیدكردووە بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان عێراق بابەكر دڕەیی، گوتی: "پێم وانییە پەیوەندی بەوە ھەبێت، چونكە خۆ پاڵاوتن مەسەلەیەكە دەرچوون لە ئیجماعی كوردی و حزبە كوردستانیەكان مەسەلەیەكی ترە، ئەو خۆ پاڵاوتنە كەس نازانێ بەرەو كوێوە دەڕوات، خودی ئەو گروپەی مانیان گرتووە یان دەیانەوێت ئینقلاب بكەن بەسەر دۆخەكە ئایندەیان دیارنییە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "لە كاتێكدا لە ناو شیعەكاندا كێشەی گەورە ھەیە بۆ دەستەڵات و توانا لە عێراق، ھەق نییە كورد خۆی بخزێنێتە ناو ئەو مەسەلەیە، جا ئەو كەسە ئەندامی گۆڕان، یان پارتی و یەكێتی بێت دەبێ لەمە دووربێت، لەبەر ئەوە من پێم وایە لە عێراق جگە لە تەوافق بۆ گەلی ئێمە ھیچ شتێك سەركەوتوو نابێت".
رونیكردەوە: "ھەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕان لە بەغدا ئەوەیە تەوافق لە عێراقدا سەر بگرێت و ناچینە ناو جەدەلی و مناقەشەی حزبەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە، بەرژەوەندی باڵای كورد چۆن بێت ئێمە ئەوە دەكەین".