5400 مزگه‌وت له هه‌رێمی كوردستان هه‌ن
ئه‌وقاف: خێری دروستكردنی مزگه‌وت و قوتابخانه هیچ جیاوازییه‌كی نییه
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی رایده‌گه‌یێنێت خێری دروستكردنی قوتابخانه‌و مزگه‌وت هیچ جیاوازییه‌كی نییه، ئه‌مه له كاتێكدایه ژماره‌یه‌كی زۆر خێرخواز و سه‌رمایه‌داره‌كان، پرۆژه‌ی دروستكردنی مزگه‌وتیان پێشكه‌شی ئه‌م وه‌زاره‌ته كردووه، خێرخوازێكیش كه خه‌ریكی دروستكردنی مزگه‌وته ده‌ڵێت: "دروستكردنی مزگه‌وته‌كه‌م له قوتابخانه پێ باشتره".
حاجی حه‌یده‌ر خه‌ریكه پێده‌نێته ته‌مه‌نی 80 ساڵی، ئه‌و به‌دیار وه‌ستا و كرێكاره‌كانی دانیشتووه، زوو زووش ده‌یگوت، ده‌ی ده‌ست و برد بكه‌ن با كاره‌كانی ئه‌مڕۆش ته‌واو بێت، ئه‌و ده‌یه‌وێت به‌ربانگی یه‌كه‌م رۆژی مانگی ڕه‌مه‌زان له مزگه‌وته‌كه‌ی بكاته‌وه.
له‌م گه‌ڕه‌كه‌ی حاجی مزگه‌وتی لێ دروستكردووه، هیچ قوتابخانه‌یه‌كی ئاماده‌یی لێ نییه، ئێمه هه‌ر له‌به‌رده‌م مزگه‌وته‌كه بووین، دوو قوتابی هاتن، ماندوو بوون له ده‌م چاویان به‌دی ده‌كرا، رێگایه‌كی دووریان ماوه تا بگه‌نه‌وه ماڵه‌كانیان، به هه‌ناسه سوارییه‌وه ده‌یانگوت گه‌رما بێت، یان سه‌رما، ده‌بێت ئه‌م رێگایه به پیاده ببڕین.
سه‌ردانی وه‌زاره‌تی ئه‌وقافمان كرد، به‌ڕێوه‌به‌ری پشكنینی دیوان، كه كه‌سایه‌تییه‌كی ئاینییه پێیوایه دروستكردنی قوتابخانه و نه‌خۆشخانه خێری له دروستكردنی مزگه‌وت زیاتره، بۆیه پێیوایه دروستكردنی ئه‌م هه‌موو مزگه‌وته زیاده‌یه.
له هه‌رێمی كوردستان 5400 مزگه‌وت هه‌یه، به‌مشێوه‌یه به‌سه‌ر شاره‌كان دابه‌شكراون، له پارێزگای هه‌ولێر 1995 مزگه‌وت، سلێمانی 1934، دهۆك 1189 و له گه‌رمیان 282 مزگه‌وت هه‌یه، به گوێره‌ی ئاماره‌كانیش، نزیكه‌ی 100 هاووڵاتی داواكاری دروستكردنی مزگه‌وتیان پێشكه‌شی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف كردووه.