ئۆباما دەڵێ بەکارهێنانی هێزی زەمینیی بۆ رووخاندنی ئەسەد کارێکی هەڵە دەبێ

K24-هەولێر
سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما رایگەیاند بەکارهێنانی هێزی زەمینیی لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بریتانیا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا بۆ رووخاندنی سەرۆکی سووریا بەشار ئەسەد هەڵە دەبێ.
دەستەی ئێزگەی بریتانیا بی بی سی لە زاری باراک ئۆباماوە کە دوو رۆژە بە سەردانێک لە بریتانیایە، رایگەیاند: دەتوانم فشاری نێودەوڵەتیی زیاتر بخەمە سەر هەموو لایەنەکان بە رووسیا و ئێرانەوە بۆ هاوکاریکردن بۆ نێواندگیریی لەپێناو بەدیهێنانی گۆڕانێکی سیاسیی لە سووریا.
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: پێیوایە دەکرێ روبەری ناوچەکانی بندەستی رێخراوی داعش لەسەرخۆ کەمبکرێتەوە، و گوتی: دەکرێ پێگەکانی داعش لە مووسڵ و رەققە کۆنتڕۆڵ بکرێن.
ئەمە لە کاتێکدایە لایەنە بەرهەڵستکارەکانی سەرۆکی سووریا، بەشار ئەسەد داوای رووخاندنی دەکەن بە زەبری هێز.
هاوکات شاری مووسڵ لە باکووری عێراق و شاری رەققە لە سووریا بە دوو پێگەی سەرەکیی داعش ناودەبرێن لەو وڵاتانە.
ئا: ئا ، ف