شۆڕش حاجی: دە ساڵی دیكەش بێت دەبێ لەگەڵ پارتی دابنیشین

عیرفان عەبدولعەزیز: دەبێ لە یەكتر تێبگەین بۆ ئەوەی لەم چەقبەستووە حاڵەتە دەربازبین

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/70e5f742-50b2-4c1f-8c8a-a917ddde8f45/soran%20kamran%20sabarat%20ba%20kobunawa%20dagal%20hashdi%20shabi.ism/manifest

K24 - سلێمانی

وەك ھەوڵێك بۆ لە یەكترنزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان ئەمڕۆ شاندێكی بزوتنەوەی ئیسلامیی سەردانی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانیان لە سلێمانی كرد و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا شۆڕش حاجی، گوتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، دە ساڵی دیكەش بێت دەبێ لەگەڵ پارتی ھەر دابنیشین.

لە سەرەتای كۆنگرە رۆژنامەوانیەكە عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی رایگەیاند: "وەك ھێزێكی سیاسی لە كوردستان سەردانی گۆڕانمان كرد، بۆ ئەوەی لەسەر ئەو گۆڕانكاریانەی كە لە كوردستان و ناوچەكە و جیھاندا ھەن بیروڕا بگۆڕینەوە".

لە بارەی پێشنیاریان بۆ بزوتنەوەی گۆڕان عیرفان عەبدولعەزیز، ئامادەنەبوو ھیچ زانیارییەك ئاشكرا بكات و گوتی: "ھەندێك قسەكراوە بزانین دوای چۆن دەبێت، رەنگە كۆبوونەوەی دیكە بكەین".

باسی لەوەشكرد: "وەك بزوتنەوەی ئیسلامیی پێشتر لە كاتی رووداوەكانی سلێمانی و كەلار و قەڵادزێ ئێمە یەكەم ھێز بووین دەست پێشخەریمان كرد بۆ ئەوەی ئەو بارودۆخە گەورە نەكرێن لەگەڵ ھێزە سیاسییەكانی دیكە ھەوڵێكی باشماندا، ئێستاش ھەر قسەیەكی خێرمان پێ بكرێت لەگەڵ ھەر ھێزێكی سیاسی ئامادەین بیكەین".

لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری (كوردستان24) لە بارەی سەردان و كۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، رابەری بزوتنەوەی ئیسلامیی گوتی: "لەگەڵ ھەموو ھێزە سیاسییەكان دادەنیشین بۆ ئەوەی لە بارەی ئەو بارودۆخە چەقبەستووەی لە یەكتر تێبگەین، بۆ ئەوەی چی بكەین تا لەم حاڵەتە دەربازبین، دووەم ئێستا لە ھەموو لاوە دووژمنان شەڕمان پێدەفرۆشن، لەبەر ئەوە گرنگە كە نێوانی ھێزە سیاسییەكانی كوردستان نەگاتە حاڵەتی چەقبەستوویە".

گوتویشی: "پێویستە لایەن سیاسییەكان لەگەڵ یەكتر گفتوگۆ بكەن ناوماڵی كورد رێك بخەن بۆ ئەوەی لەبەرامبەر دووژمنەكان بەھێزتربن".

شۆڕش حاجی، گوتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان جەختی لە ھەڵوێستەكانی پێشووی بزوتنەوەكە كردەوە و ئەوەی خستەڕوو: "ئێمە وەك نزوتنەوەی گۆڕان چارەسەرین بە رێگەی گفتوگۆ، ئەوەی لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بێت ئەوە دەكەین".

لەبارەی كۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان شۆڕش حاجی، گوتی: "پێیمان وایە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ئێستاش نەبێت ساڵێكی دیكە یان دە ساڵی دیكە دەبێ ھەردابنیشین، تا زووتر ئەو قەیرانانە چارەسەر بكرێت و خەڵكی كوردستان كەمتر زەرەرمەندبێت، بەڵام وەك بزوتنەوەی گۆڕان ھەمیشە گوتومانە بارودۆخێكی ناتەندروست ھاتووەتە كایەوە، لە ئەنجامی بڕیارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، ھەركاتێك شەرعیەت گەڕایەوە بۆ دامەزراوە شەرعییەكانی ھەرێمی كوردستان ئامادەین باس لە ھەموو ئەو قەیرانانە بكەین كە رووبەڕووی خەڵكی ھەرێمی كوردستان بوونەتەوە".

Fly Erbil Advertisment