داعش بەدەست قەیرانی دارایی و کەمبوونەوەی چەکدارانی دەناڵێنێ
"مۆراڵی چەکدارانی داعش زۆر دابەزیوە، زانیاری تەواومان ھەیە داعش توانی نییە پارەی چەکدارەکانی بدات، وەک دەبینین داعش توانای شەڕکردنی نەماوە، ئاگادارین چەکدارەکان بەھەموو شێوەیەک ئەو رێکخراوە بەجێ دەھێڵن."

K24 – ھەولێر:
جەنەڕاڵ پیتەر گێرستن، جێگری فەرماندەی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش رایگەیاند، بەھۆی شکستەکانی داعش و کردنە ئامانجی سەرچاوە داراییەکانی، ئەو رێکخراوە توانای جموجوڵی و ھێرشی نەماوە و چەکدارانی داعش بەردەوام لەھەوڵدان رێگەێک بدۆزنەوە بۆ بەھێز مانەوەی داعش.
جەنەڕاڵ پیتەر گێرستن،گوتی: "مۆراڵی چەکدارانی داعش زۆر دابەزیوە، زانیاری تەواومان ھەیە داعش توانی نییە پارەی چەکدارەکانی بدات، وەک دەبینین داعش توانای شەڕکردنی نەماوە، ئاگادارین چەکدارەکان بەھەموو شێوەیەک ئەو رێکخراوە بەجێ دەھێڵن."
لە یەکێک لەو دۆکیومێنتانەدا کە دەستیان بەسەردا گیراوە راپۆرتێکی تایبەتی ئەمیرێکی داعشی تێدایە، کە بەرپرسی دارایی و چالاکییە سەربازییەکانی داعش بووە لە باشووری مووسڵ لە راپۆرتەکەدا ئەو ئەمیرەی داعش باس لە کاریگەری قەیرانی دارایی دەکات کە چۆن کاریکردووەتە سەر چەکدارانی داعش و توانایان نەماوە جموجوڵ و ھێرش بکەن.
جەنەڕاڵ پیتەر گێرستن، گوتیشی: "بارودۆخی داعش بەشێوەیەک خراپە کە بەدوای ھەر دۆلارێکدا دەگەرێن ئەگەر لەسەر زەوی بیدۆزنەوە بۆ ئەوەی چەکی پێ دابین بکەن، ئێمە دەمانەوێت دوا دۆلاری ئەو رێکخراوە لەناوببەین، راپۆرتی دارایی ئەمیرەکەی داعش رەوشی ئێستای ئەو رێکخراوە ئاشکرا دەکات."
جەنەڕاڵ پیتەرگێرستن، بە پشت بەستن بە زانیارییە ھەاڵگرییەکان و ئەو بەڵگانەی داعش کە دەستیان بەسەردا گیراوە ئاشکرای دەکات پێشتر داعش مانگانە 1500 بۆ 2000 چەکداری بیانی پەیوەندییان پێوە دەکرد، بەڵام ئێستا ئەو ژمارەییە بۆ 200 چەکدار کەمیکردووە.