خاچی سوور: شاری حه‌له‌ب له لێواری كاره‌ساتێكی مرۆیی دایه
"شه‌ڕ و پێكدادانی نێوان ئۆپۆزیسیۆن و حكوومه‌ت نه‌هامه‌تی ده‌یان هه‌زار كه‌سی خراپتر كردووه"

K24 – هه‌ولێر
لیژنه‌ی خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تی رایگه‌یاند به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستیی توندوتیژییه‌كان له شاری حه‌له‌ب له سووریا ئه‌وانه‌ی له ژێر ئاگری بۆردومان و ته‌قینه‌وه‌كاندا ده‌ژین به‌ره‌و لێواری كاره‌ساتێكی مرۆیی ده‌بات.
له راگه‌یاندراوێكدا خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تی گوتی: شه‌ڕ و پێكدادانه دڕندانه‌كانی نێوان چه‌كدارانی ئۆپۆزیسیۆن و هێزه‌كانی سه‌ر به حكوومه‌تی سووریا بووه‌ته‌هۆی خراپتركردنی نه‌هامه‌تیی ده‌یان هه‌زار كه‌س له دانیشتوانی شاره‌كه.
لیژنه‌ی خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تی شاری حه‌له‌بی به‌وه ناوبرد: "یه‌كێكه له زۆرترین ئه‌و ناوچانه‌ی زيانى به‌ركه‌وتووه" به‌هۆی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی كه ماوه‌ی 5 ساڵه له سووریا هه‌ڵگیرساوه.
له‌گه‌ڵ چڕبوونه‌وه‌ی بۆردومانه ئاسمانییه‌كانی حكوومه‌تی سووریا بۆسه‌ر ناوچه‌كانی ژێر كۆنتڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن و هه‌روه‌ها به‌هۆی بۆردومانی چه‌كدارانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ ناوچه‌كانی نیشته‌جێی بنده‌ستی هێزه‌كانی حكوومه‌ت له حه‌له‌ب و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستیی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كان بۆ شه‌شه‌م رۆژ له‌سه‌ر یه‌كتر، ده‌یان كه‌س له حه‌له‌ب كوژراون.
ئا: م.ح