یه‌کێتی زانایان ده‌رباره‌ی رووداوه‌کانی هەینیی لە هه‌ولێر راگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە
K24-هەولێر
یەکێتی زانایانی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی رووداوەکانی دوێنێ هەینیی لە هەولێر بڵاوکردەوە و رایگەیاند له دوو مزگه‌وتی شاری هه‌ولێر گرژیی و نائارامیی دروست بووه، ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامی بڕیارێکی کارگێڕیی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف بۆ لادانی دوو مامۆستای مزگه‌وت.
یەکێتی زانایانی کوردستان دەشڵێ: "ئه‌م دۆخه هه‌موومانی زۆر نیگه‌ران کرد، به‌تایبه‌تی که ده‌ره‌نجامه نه‌رێنییه‌کان به‌شێکی خه‌ڵکه‌که و حه‌ره‌می مزگه‌وتیشی گرته‌وه، بۆیه زۆر به توندیی ئیدانه‌ی ئه‌و پشێویانه ده‌که‌ین که له‌و دوو مزگه‌وته روویاندا‌و پیرۆزیی مزگه‌وت شکێندرا، کارێك بوو پێچه‌وانه‌ی ره‌شت و داب و نه‌ریتی ره‌سه‌نی گه‌له‌که‌مان بوو، بۆیه خوازیارین چیتر کارێك نه‌کرێت حه‌ره‌می مزگه‌وت بشکێندرێت، هه‌روه‌ك نابێ هیچ که‌سێکیش رێگه به‌خۆی بدات مزگه‌وت بکاته شوێنی ململانێی سیاسیی و یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی کێشه و ململانێ سیاسییه‌کان".
ئەمە لە کاتێکدایە بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان مەریوان نەقشبەندی دوێنێ راگەیاند: بە بڕیارێکی وەزارەتی ئەوقاف بەهۆی ئەوەی لە رێنماییەکانی وەزارەتی ئەوقاف لایانداوە، شەش گوتارخوێنی نوێژی هەینیی لە مینبەر دوورخرانەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی گوتارەکانیان تووندوتیژیی و ناوزڕاندنیان تێدابووە.
ئەمەش دەقی راگەیەندراوەکەی یەکێتی زانایانی کوردستانە:
به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان
دیاره ئه‌مڕۆ هه‌ینی (29/4/2016) له دوو مزگه‌وتی شاری هه‌ولێر گرژی و نائارامی دروست بووه، ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامی بڕیارێکی کارگێڕی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف بۆ لادانی دوو مامۆستای مزگه‌وت.
بێگومان ئه‌م دۆخه هه‌موومانی زۆر نیگه‌ران کرد، به‌تایبه‌تی که ده‌ره‌نجامه نه‌رێنییه‌کان به‌شێکی خه‌ڵکه‌که‌و حه‌ره‌می مزگه‌وتیشی گرته‌وه، بۆیه لێره‌وه له چه‌ند خاڵێك سه‌رنجه‌کانمان ده‌رده‌بڕین:
یه‌که‌م: زۆر به تووندی ئیدانه‌ی ئه‌و پشێویانه ده‌که‌ین که له‌و دوو مزگه‌وته روویاندا‌و پیرۆزی مزگه‌وت شکێندرا، کارێك بوو پێچه‌وانه‌ی ره‌شت و داب و نه‌ریتی ره‌سه‌نی گه‌له‌که‌مان بوو، بۆیه خوازیارین چیتر کارێك نه‌کرێت حه‌ره‌می مزگه‌وت بشکێندرێت، هه‌روه‌ك نابێ هیچ که‌سێکیش رێگه به‌خۆی بدات مزگه‌وت بکاته شوێنی ململانێی سیاسی و یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی کێشه‌و ململانێ سیاسیه‌کان.
دووه‌م: مامۆستایانی ئایینی هه‌میشه ره‌مزی به‌رخۆدان و پاراستنی ئاشتی و ته‌بایی بوونه، بۆیه پێویسته هه‌میشه ره‌چاوی ئه‌و هه‌نگاوه پیرۆزانه‌یان بکرێت، بۆ ئه‌مه‌ش پێوسته زانایانی ئایینی یه‌كڕیزی نێوانیان بپارێزن و هه‌نگاوه‌کانیان به پرس و راوێژ بێت له‌گه‌ڵ هاوپیشه‌کانیان، چونکه هه‌ر بڕیارێکی تاك لایه‌نه ده‌ره‌نجامی باشی نابێت.
سێیه‌م: وه‌ك یه‌کێتی زانایان شانازی به‌وه ده‌که‌ین که هه‌میشه داکۆکیمان له زانایانی ئایینی کردووه، چه‌ندان نموونه‌ی زیندووشمان له‌به‌ر ده‌سته، به‌ڵام به‌داخه‌وه کۆمه‌ڵێك مامۆستای ئایینی هه‌ن تا ئێستا ئاماده نین خۆیان به ئه‌ندامی ئه‌و یه‌کێتییه ناونووس بکه‌ن و، ئاماده نین ته‌نها سه‌ردان و په‌یوه‌ندی و راگۆڕینهوهشمان هه‌بێت، ئه‌مه وێڕای هۆنینه‌وه‌ی چه‌نده‌ها تۆمه‌ت له چه‌ندان شوێن دژی یه‌کێتی زانایان، تا ئه‌و کاتانه‌ش که تووشی گرفت بوونه ئێمه ویستوومانه دیفاعیان لێ بکه‌ین به‌ڵام ئه‌وان به پێچه‌وانه‌وه هه‌ڵوێستی خراپیان هه‌بووه، بۆیه ئه‌وه‌ی (ئاماده نه‌بێت ببێته ئه‌ندامی یه‌کێتی زانایان) یان (پابه‌ندی رێنماییه‌کان بێت) یان (هه‌ماهه‌نگیمان له‌گه‌ڵدا بکات) یان (ئاماده نه‌بێت ده‌ستی دۆستایه‌تی درێژ بکات). ئه‌وا نابێ نه ئه‌وان و نه که‌سی تریش رێگه به‌خۆی بدات له هێچ شت له هێچ شتێك ره‌خنه له یه‌کێتی زانایان بگرێت.
چواره‌م: ئێمه هه‌موومان ده‌زانین به پێى یاساى په‌رله‌مانى كوردستان وتاربێژانی مزگه‌وته‌کانی کوردستان فه‌رمانبه‌ری وه‌زاره‌تی ئه‌وقافن و مانگانه مووچه له‌م وه‌زاره‌ته وه‌رده‌گرن، به‌ڵام ئه‌وان پێگه‌یه‌کی مه‌عنه‌وی تایبه‌تیان له ناو کۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه، بۆیه پێویسته له هه‌ر ئیجرائاتێکدا وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ره‌چاوی شیاوی هه‌نگاوه‌کانی بکات، له به‌رامبه‌ریشدا ئه‌گه‌ر مامۆستایان هه‌ستیان به سته‌م و زوڵم کرد له بری هه‌ر شتێك ده‌توانن په‌نا بۆ دادگای کارگێڕی ببه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هیچ پشێوییه‌ك دروست نه‌بێت، ئێمه‌ش له یه‌کێتی زانایانه‌وه وه‌ك چه‌ندان جاری تر ئاماده‌ی هه‌موو پشتیوانییه‌کین تا ده‌گاته گرتنی پارێزه‌ری تایبه‌ت.
پێنجه‌م: پێمان وایه هه‌موومان کۆکین له‌وه‌ی ده‌بێ یاسا سه‌روه‌ر بێت، بۆیه داوا ده‌که‌ین هه‌موو لایه‌ك ملکه‌چی بڕیاره‌کانی دادگا بن.
شه‌شه‌م : لێره‌شه‌وه به پێویستی ده‌زانین داوا له راگه‌یاندنه‌كان بکه‌ین به‌رپرسیارانه‌و پیشه‌ییانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م رووداوانه بکه‌ن و، بۆ ئامانجی تر نه‌یقۆزنه‌وه.
یه‌کێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
29/4/2016