مالیکی: دۆخە نالەبارەکان ئاماژەی هەڕەشەیەکی گەورەن
"ئەنجوومەنی نوێنەران ناتوانێ گۆڕانکاریی گشتیی یان نیمچەیی دروست لە حکوومەتدا بەدی بێنێ"

K24-هەولێر
سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا نووری مالیکی رایگەیاند دۆخی ئەمنیی و سیاسیی زۆر نالەبار ئاماژەی هەڕەشەیەکی گەورەن و لەم دۆخەدا ئەنجوومەنی نوێنەران ناتوانێ گۆڕانکاریی گشتیی یان نیمچەیی دروست لە حکوومەتدا بەدی بێنێ.
نووری مالیکی لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "لەسایەی کەشی پڕ هەڕەشە و داگیرکردنی ئەنجوومەنی نوێنەران (پەرلەمان) و چوونە نێو ناوچەی سەوز و وەزارەتەکانەوە کە بووە هۆی پەکخستنی پرۆسەی سیاسیی و کاری دەوڵەت و وەزارەتەکان لەپاڵ پێشێلکارییە زۆرەکانی نێو دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و پرۆسەکانی دەنگدان و تانەلێدان و گۆمانەکان و گرفتەکانی بەدیهێنانی رێژەی یاسایی دانیشتنەکان، هەموو ئەمانە گرفتێکن ناکرێ چاوپۆشییان لێبکرێت و نابێ بە دەرئەنجامەکانیان و دەرئەنجامەکانی دۆخی ئەمنیی و گۆڕانکارییەکانیان قایل بین".
نووری مالیکی گوتیشی: "هەموارکردنی نیمچەیی لە کەش و هەوایەک بەڕێوەچوو پڕ هەڕەشە بە کوشتن لە لایەن خۆپێشاندەرانەوە بۆ هەر کەسێک دەنگ نادات هەرچەندە بە پێچەوانەی باوەڕی خۆشی بێت و ئەندامەکەی ئەو گۆڕانکارییانەیە کە روویاندا و وەزیری باشتریان لەوانەی پێشوویان نەهێنا، بگرە هەندێک لە کاندیدکردنەکان پاشگەزبوون بوون لە ئاستی داواکارییەکان بەهۆی خراپیی هەڵبژاردن و سەپاندنەوە".
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئاماژەش دەکات: "بەهۆی هەموو ئەمانە و بۆ کۆتاییهێنان بە دەرئەنجامە مەترسیدارەکان و بۆ گەرەنتیکردنی سەلامەتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەی سیاسیی داوا دەکەین چاکسازییەکان دوور لە کەشی ناهەموار ئەنجامبدرێن و داوا لە هەموان دەکەین راستەقینەوە هاوکار بن بۆ چارەکردنی کێشە ئەمنییەکان و دەستەبەرکردنەوەی شکۆی دەوڵەت و هەموو دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادگا و چارەکردنی هەموو پێشێلکارییە یاسایی و دەستوورییەکان".
ئەمە لە کاتێکدایە ئێوارەی دوێنێ شەممە خۆپێشاندەران کە دەگوترێ بەشی هەرە زۆریان لایەنگرانی رەوتی سەدری شیعە مەزهەبن لە بەغدا هێرشیان کردە سەر باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق لە ناوچەی سەوز لە بەغدا و بۆ ماوەیەک داگیریان کرد.
هاوکات خۆپێشاندەران هێرشیان کردە سەر چەند پەرلەمانتارێکی عێراقیی و ئەشکەنجەیان دان و دوابەدوای رووداوەکە حکوومەتی عێراق باری لەناکاوی لە بەغدا راگەیاند.
ئەم پێشهاتانە هاوکاتن لەگەڵ بەردەوامبوونی نەرەزایەتییەکانی خۆپێشاندەران لە بەغدا کە داوای ئەنجامدانی چاکسازیی دەکەن لە دامودەزگاکانی دەوڵەت و داوای پێکهێنانی حکوومەتێکی تکنۆکرات دەکەن لە عێراق دوور لە بەشبەشینەی سیاسیی و نەتەوەیی و مەزهەبیی.
پەرلەمانی عێراق هەفتەی رابردوو لە دانیشتنێکدا متمانەی بەخشییە بەشێکی کاندیدانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەکانی نێو حکوومەتە نوێیەکەی عەبادیی، بەڵام رووداوەکانی دوێنێ رێگربوون لە پێش پێدانی متمانە بە تەواوی کاندیدەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق.
ئا: ئا ، ف