داوا دەكرێت رۆژنامەنووسان لە زیندانەكانی ئێران ئازاد بكرێن

37 رۆژنامەنووس لە زیندانەكانن

K24 - ھەولێر

ژمارەیەك لە رۆژنامەنووسانی ئێرانی داوا لە سەرۆك كۆماری وڵاتەكەیان دەكەن، چارەسەرێك بۆ ئەو رۆژنامەنووسانە بدۆزنەوە كە لە زیندانەكان ژیان بەسەر دەبەن، بە گوێرەی ئاماری رێكخراوەكانی داكۆكیكار لە مافی رۆژنامەنووسان ئێستا 37 رۆژنامەنووس لە زیندانەكانی ئێران زیندانیكراون.

لە نامەیەکی کراوەدا بۆ حەسەن رووحانی، سەرۆك كۆماری ئیسلامی ئێران كە ھاوكاتە لەگەڵ رۆژی جیھانی ئازادی راگەیاندن 230 رۆژنامەنووسی ئێرانی، داوا دەكەن چارەسەرێك بۆ دۆخی رۆژنامەنووسە بەندكراوەكان بدۆزێتەوە و کارێك بکات بۆ ئەوەی رۆژنامەنووسانی خاوەن بەهرە كە تەمەنی لاویەتی خۆیان لە زیندانەکاندا بەسەرنەبەن.

رۆژنامەنووسانی ئێران لەو نامەیەدا بۆ سەرۆك كۆماری وڵاتەكەیان ئاماژەیان بۆ ئەوەكردووە، بەتایبەتی ئەو رۆژنامەنووسانەی بە تۆمەتی بوار خۆشکردن بۆ دزەکردنی ئەمریکا دەستبەسەر کراون ئازاد بکرێن.

لە ساڵانی رابردوودا ئێران ژمارەیەكی زۆر لە رۆژنامەنووسانی بە تۆمەتی جیاجیا دەستگیركردووە، ماوەیەك لە مەوەبەریش ھەڵمەتێكی دەستگیركردنی رۆژنامەنووسانی دەستپێكرد، بە تۆمەتی ئاشكراكردنی زانیارییەكانی وڵات و ھاوكاریكردنی ئەمریكا، چەندین رۆژنامەنووسی دەستگیركرد كە تا ئێستا ژمارەیەكی زۆریان لە زیندانن، بە گوێرەی زانیارییەكانیش ئێستا 37 رۆژنامەنووس لە زیندانەكانی ئێراندان لە ناویاندا شەش رۆژنامەنووس كوردن.