پلاندانان زیانەکانی عێراق بەهۆی کردەوە "تیرۆریستییەکانەوە" ئاشکرا دەکات
بزانە لە ساڵی 2004 وە تا ساڵی 2016 بەهۆی ئەو کردەوانەوە عێراق چەندە زیانی بەرکەوتووە

K24-هەولێر
وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی عێراق رایگەیاند قەبارەی ئەو زیانەی لە 12 ساڵی رابردوو بەهۆی کردەوە "تیرۆریستییەکانەوە" بەر عێراق کەوتوون زیاتر لە 36 ترلیۆن دیناری عێراقیی.
وەزیری پلاندانانی عێراق سەلمان ئەلجومەیلی لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "تێکرای ئەو زیانەی لە ساڵی 2004 وە تاوەکوو ساڵی 2016 بەهۆی کردەوە تیرۆریستییەکانەوە بەر عێراق کەوتوون گەیشتە 36.8 ترلیۆن دینار".
سەلمان ئەلجومەیلی گوتیشی: "بەراورد لەگەڵ وەزارەتەکانی دیکە وەزارەتی بەرگریی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و زیانەکانی 15 ترلیۆن و 350 ملیار دینارە".
وەزیری پلاندانان ئاماژەشی کرد: "بەراورد لەگەڵ هەموو پارێزگاکان، پارێزگای ئەنبار زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و زیانەکانی گەیشتووەتە 107 ملیار دینار و بانکی ناوەندییش زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەراورد لەگەڵ هەموو ئەو دەزگایانەی کە سەر بە وەزارەتەکان نین و زیانەکانی ئەو بانکە گەیشتووەتە 708 ملیار دینار".
وەزیری پلاندانانی عێراق روونیشی کردەوە: "ئەم زیانانە ئەو زیانانەش ناگرێتەوە کە بەر هاوڵاتییان کەوتوون و قەبارەی زیانەکان لە ساڵی 2014 گەیشتە 29 ترلیۆن دینار لە کاتێکدا لە زیانەکانی ساڵانی نێوان 2004 تاوەکوو 2014 تەنیا 7.8 ترلیۆن دینار بوون".
زۆربوونی زیانەکانی عێراق لە ساڵی 2014 ئاماژەیەکە بۆ ئەو زیانانەی کە بەهۆی داگیرکردنی ناوچەیەکی فراوانی عێراق لە لایەن چەکدارانی داعشەوە بەر ئەو وڵاتە کەوتوون.
ئاشکراکردنی ئەم ئامارانە لە لایەن حکوومەتی عێراق لە کاتێکدایە، وەک خودی ئەو حکوومەتە دەڵێ بەهۆی شەڕی دژی داعش و دابەزینی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهان دووچاری قەیرانێکی دارایی سەخت بووەتەوە و وەک بەشێک لە چاودێران دەڵێن بەهۆی ئەو قەیرانەوە حکوومەتی عێراق ناچار بووە لە یەدەکی بانکی فیدڕاڵیی عێراق خەرج بکات.
ئا: ئا ، ف