فوئاد مەعسوم لە سێدارەدانی تاوانباران واژوو دەكات
پێشتر جەلال تاڵەبانی واژووی لەسەر سزای لە سێدارەدان نەكردووە
K24 - ھەولێر
گوتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رایگەیاند، سەرۆك كۆمار واژووی لەسەر سزای لە سێدارەدانی ژمارەیەك تاوانبار كرد كە تاوانی مەترسیداریان لەسەر ساغ بووەتەوە.
لە راگەیاندراوێكدا كە لە سەر زاری خالید شوانی گوتەبێژی فەرمی سەرۆكایەتی كۆمار بڵاوكراوەتەوە ئاشكرای كردووە: "سەرۆك كۆمار فوئاد مەعسوم، ژمارەیەك سزای لە سێدارەدانی ئەو تاوانبارانەی واژوو كرد كە تاوانەكانی تیرۆر و تاوانی مەترسیداریان لەسەر ساغ بوەتەوە".
خالید شوانی ئەوەشی روونكردوەتەوە: "پەسەندكردنی ئەو سزایانە دوای شیكردنەوە دۆسیەكان لە لایەن كۆمیتەی یاسایی بووە كە تایبەت بۆ ئەم مەبەستە پێكھێنراوە، مەرسومە ئیمزا كراوەكان نێردراون بۆ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەكانی راپەڕاندن بە مەبەستی جێبەجێكردنی سزاكان بەسەر تاوانباراندا".
پێشتر جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری عێراق لە دوو خولی رابردوو واژووی لەسەر ھیچ سزایەكی لە سێدارەدان لە عێراق نەكردووە.
