باڵیۆزخانەی ئەمەریکا 20 ملیۆن دۆلار بۆ پاراستنی ناوچەی سەوزی بەغدا تەرخان دەکات

گەورە بەرپرسی کاروباری بەرگریی لە باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەمڕۆ راپۆرتی کۆتایی تیمی رووپێوییەکەی داوەتە دەست لیوا روکن حامد مەهدی ئەلزهێری
وێنەیەکی ئەرشیڤیی هێزەکانی دژەتیرۆر لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، وێنە: AFP
وێنەیەکی ئەرشیڤیی هێزەکانی دژەتیرۆر لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، وێنە: AFP

K24 - هەولێر

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ئەمڕۆ رایگەیاند، نزیکەی 20 ملیۆن دۆلاری بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەتی عێراق تەرخان دەکات لەپێناو پاراستنی ناوچەی سەوزی بەغدا.

لە راگەیێندراوەکەیدا کە لەلاپەڕەی فەرمی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا دەڵێ ئەو پارەیە بۆ "پاڵپشتیکردنی دارایی تیمی ئەندازیارانی مەدەنییە تاوەکو لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر بکەن سەبارەت بە خاڵەکانی ئێستای هاتنەناوەوەی ناوچەی نێودەوڵەتی (ناوچەی سەوز) و کێشانی هێڵ بۆ دەروازەی نوێ".

عەمید جۆن تایکەرت، گەورە بەرپرسی کاروباری بەرگریی لە باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەمڕۆ راپۆرتی کۆتایی تیمی رووپێوییەکەی داوەتە دەست لیوا روکن حامد مەهدی ئەلزهێری، فەرماندەی فیرقەی بەرپرس لە ئاسایشی ناوچەی سەوز.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەڵێ پێدانی ئەو راپۆرتە "دەستکەوتێکی گرنگە بۆ جەختکردنەوە لە پرۆژەی هاریکاریی ئێستا بۆ توندوتۆڵکردنی ئاسایشی ناوچەی سەوزی بەغدا و پاراستنی بارەگاکانی حکومەتی عێراق".

ناوچەی سەوزی بەغدا نزیکەی 10 کیلۆمەترە و نووسینگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و باڵیۆزخانەی وڵاتان و دامودەزگا حکومییەکانی عێراقی لێیە. ناوچەکە لەدوای شەڕی عێراق و ئەمریکا لە ساڵی 2003، بەمەبەستی پارێزگاریکردن لە دامەزراوە حکومییەکان، بە بەربەستی کۆنکرێتی لە بەشەکانی دیکەی پایتەخت دابڕێندرا.