لێدان، هەڕەشە و دانانی بۆمب.. "رێگاکانی رێگریکردن لە خۆپیشاندان لە عێراق"

لە ناوەڕاستی بەغدا چەکدارانی نەناسراو لە کچێکی چالاکوان دەدەن و لە ناسریەش بۆمب هەڵدەدەنە ماڵی چالاکوانێکی دیکە

ئەمیرە دوای ئەوەی لەلایەن چەکدارانی نەناسراو لێیدراوە. ماڵی هیشام لەکاتی بەئامانجکردنی
ئەمیرە دوای ئەوەی لەلایەن چەکدارانی نەناسراو لێیدراوە. ماڵی هیشام لەکاتی بەئامانجکردنی

K24 - هەولێر

بەمەبەستی کپکردنی دەنگی خۆپیشاندەرانی عێراقی لە بەغدا و ناسریە، چالاکوانانی خۆپیشاندەر لێیان دەدرێت و تەنانەت بۆمب هەڵدەدرێتە ماڵیان، نوێترین دوو نموونەی ئەو کارانەش لە هەفتەی رابردوو بە وێنە و ڤیدیۆ تۆمارکراون.

ئەمیرە جابر، وەکو میدیاکانی عێراقی باسی دەکەن، چالاکوانی مەدەنیە و یەکێکە لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی "هاتووم مافی خۆم وەرگرم". کاتێک لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنی سەبارەت بە خۆپیشاندانەکان لە عێراق تەواو بووە، شەوی یەکشەممە لەلایەن چەکدارانی نەناسراو لە ناوچەی کەرادەی ناوەڕاستی بەغدا لێیدراوە و هەڕەشەی لێکراوە.

کچە چالاکوانەکە لەدوای ئەوەی بردراوەتە نەخۆشخانە بەپێی چەند سەرچاوەیەک کە قسەیان بۆ میدیا عێراقییەکان کردووە، پێی گوتراوە لێدانەکە لە شوێنی وای جەستەی دراوە، کە خەریک بووە بەهۆیەوە گیان لەدەستبدات.

هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە، ئێستاش خەریکن لەڕێگەی کامێرای چاودێرییەوە ئەو ئۆتۆمبێلە بێ ژمارەیە بدۆزنەوە، کە چەکدارەکان لەڕێگەیەوە هاتوون.

ئەمیرە لەکاتی خۆپیشاندان داواکارییەکانی بزووتنەوەکەی لەسەر لافیتەیەک خستووەتەڕوو
ئەمیرە لەکاتی خۆپیشاندان داواکارییەکانی بزووتنەوەکەی لەسەر لافیتەیەک خستووەتەڕوو

 

لێدان و هەڕەشەکردن لەو کچە چالاکوانە، دەنگدانەوەیەکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەبوو. بەرەکات کەریم، چالاکوانێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتەر لەمبارەیەوە نووسیویەتی "ئەوەی بەسەر ئەمیرە جابردا هاتووە لە دەستدرێژی، شتێک نییە جگە لە پاڵنەرێک لە بەردەوامیدان بە رێگاکەمان، ئەو رێگایەی زیاتر لە 800 شەهیدمان لەپێناو دا... دوژمنانمان لاوازن لەبەرامبەر دەنگی راستی و، ئێمە ئۆباڵی ئەو کارە دەخەینە ئەستۆی حکومەتی کازمی و هێزە ئەمنییەکان".

بەئامانجکردنی ئەو کچە چالاکوانە، لەکاتێکدایە هیشام شەمەری، چالاکوانێکی دیکە لە ناسریە، 19-1-2021 ڤیدۆی کامێرایەکی چاودێریی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت دوو چەکدار بۆمبێک هەڵدەدەنە ماڵەکەی.

هیشام شەمەری لەسەر ڤیدیۆکە نووسیویەتی: کامێرای چاودێری شێوازە ترسنۆکانەکەتان بە دۆکیومێنت دەکات. شێوازە ترسنۆکانەکانتان نامانترسێنن.. ئێوە بۆمبی دەنگی دادەنێنەوە، ئێمەش دەنگی ئازادیمان هەڵدەبڕین".

وەک لە ڤیدیۆکە دەردەکەوێت: دوو کەس، بە سواری ماتۆڕێکەوە کاتژمێر 02:00ـی بەرەبەیان لە ماڵەکەی هیشام نزیکدەبنەوە و بۆمبێکی دەنگی هەڵدەدەنە ماڵەکەی، تەقینەوەی بۆمبەکەش جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانی بەدواوە نەبووە.

خۆپیشاندان لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق بەهۆی ئەوەیە گەنجان داوای هەلی کار و خزمەتگوزاری دەکەن و دژی لایەنە سیاسییەکانن و بە گەندەڵی تۆمەتباریان دەکەن.

 

Fly Erbil Advertisment