ھێمن ھەورامی: حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھیچ بیانووێكی بۆ عێراق نەھێشتووەتەوە

"تێبینی دەكەین ئاراستەیەكی توند لەناو پەرلەمانی عێراق ھەیە و نیەتیان رێكنەكەوتنە"

ھێمن ھەورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌ڕله‌مانی كوردستان
ھێمن ھەورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌ڕله‌مانی كوردستان

K24 - ھەولێر

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌وان پشتیوانی رێككه‌وتنی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌كه‌ن و دڵنیاشن له‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هیچ بیانویه‌كی بۆ په‌رله‌مان و حكومه‌تی عێراق نه‌هێشتوه‌ته‌وه‌ له‌باره‌ی رێككه‌وتنه‌كان.

ھێمن ھەورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌ڕله‌مانی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن گوتی: "كۆبوونەوەكانی ئێستای شاندی حكومەتی ھەرێم لە بەغدا زیاتر لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقە لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە و پشكی ھەرێمی كوردستان، ئێمە پشتیوانی لە رەشنوسی پڕۆژەیاساكە دەكەین كە لە حكومەتەوە چووەتە پەرلەمان، بەڵام ھاوكێشەی سیاسی لەناو پەرلەمان ئاڵۆزترە و ھەوڵی گۆڕینی دراوە، كێشەكە زیاتر لە ماددەی 11یە كە باس لە رادەستكردنی دۆسیەی نەوت دەكرێت، بەڵام جەختیدەكەینەوە حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھیچ بیانووێكی بۆ پەرلەمان و حكومەتی عێراق نەھێشتووەتەوە، كە بەشە بودجەی ھەرێمی كوردستان نەنێرن".

گوتیشی: "ئەوەی تێبینی دەكەین ئاراستەیەكی توند لەناو پەرلەمانی عێراق ھەیە و نیەتیان رێكنەكەوتنە، بۆیە كۆسپ دەخەنە بەردەم دانووستانەكان".

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، جەختیكردەوە: "نیەتی حكومەت و پەرلەمانی كوردستان ئەوەیە لەگەڵ حكومەتی عێراق رێكبكەوین، ھەموو ھەوڵەكانیش بۆ ئەوەن ھیچ بیانووێك نەمێنێ، بۆ ئەوەی ئاستەنگ بۆ ناردنی شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان  دروست نەكەنەوە".

راشیگەیاند: "ئه‌گه‌ر پێوست بكات، شاندێكی سیاسی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات".

Fly Erbil Advertisment