ژنه‌ موسڵمانێك به‌ داواكاری گشتی له‌ ئه‌مه‌ریكا داده‌مه‌زرێت

"یه‌كه‌م په‌نابه‌ری موسڵمانه‌ وه‌ك داواكاری گشتی له‌ مێژووی ئه‌مه‌ریكا ده‌ستبه‌كار ده‌بێت"

سایمه‌ موحسین، یه‌كه‌م ژنه‌ په‌نابه‌ری موسڵمانه‌ ده‌بێته‌ داواكاری گشتی له‌ ئه‌مه‌ریكا
سایمه‌ موحسین، یه‌كه‌م ژنه‌ په‌نابه‌ری موسڵمانه‌ ده‌بێته‌ داواكاری گشتی له‌ ئه‌مه‌ریكا

K24 - هه‌ولێر:

سایمه‌ موحسین، بڕیاره‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی داهاتوو، پۆستی داواكاری گشتی له‌ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی "میشیگان" وه‌ربگرێت، كه‌ ده‌بێته‌ یه‌كه‌م ژنه‌ موسڵمان ئه‌و پۆسته‌ی له‌ ئه‌مه‌ریكا به‌ده‌ستبهێنێت.

سایمه‌ موحسین، ته‌مه‌ن (52) ساڵ، به‌ ره‌گه‌ز پاكستانییه‌، وه‌كو داواكاری گشتی ده‌ستبه‌كار ده‌بێت، دوای ئه‌وه‌ی "ماسیۆ شنایده‌ر"، داواكاری گشتی پێشووی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی "میشیگان" ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌ و بڕیاره‌ له‌ (1)ی مانگی داهاتوو پۆسته‌ی جێبهێڵێت.

شنایده‌ر روونیكرده‌وه‌، سایمه‌ موحسین، كه‌ ئێستا یاریده‌ده‌ری داواكاری گشتی "میشیگان"ـه‌، جێی ئه‌و ده‌گرێته‌وه‌ و گوتی: "دڵخۆشم به‌وه‌ی ده‌سته‌به‌رداری پۆسته‌كه‌م ده‌بم، كه‌ یه‌كێك له‌ باشترین داواكاری گشتی فیدراڵی شوێنه‌كه‌م ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌ویش "سایمه‌ موحسین"ـه‌".

گوتیشی: "ئه‌و پارێزه‌رێكی چالاك و به‌ڕێوه‌به‌رێكی به‌هره‌مه‌نده‌، به‌و پێیه‌ی یه‌كه‌م په‌نابه‌ری موسڵمانه‌ وه‌ك داواكاری گشتی له‌ مێژووی ئه‌مه‌ریكا، ده‌سته‌به‌كاربوونی له‌و پۆسته‌ نوێیه‌ی كارێكی مێژووییه‌، ئه‌و ده‌بێته‌ به‌رگریكار بۆ كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان".

سایمه‌ موحسین، له‌ پاكستان له‌دایك بووه‌، یاسای له‌ زانكۆی "روگه‌رز" له‌ نیوجێرسی خوێندووه‌، وه‌ك یاریده‌ده‌ری داواكاری گشتی له‌ نیویۆرك كاریكردووه‌، دواتر له‌ به‌شی دادگای تاوان له‌ نیوجێرسی ده‌ستبه‌كاربووه‌، دواتریش یاریده‌ده‌ری داواكاری گشتی بۆ تاوانی به‌ئه‌نقه‌ست، به‌رده‌وام بووه‌.

سه‌رچاوه‌: RT

د.ی