لیژنه‌ی دارایی عێراق: رۆژی دووشەممە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ دەنگدان ئامادە ده‌بێت

"لەباره‌ی زۆربەی پشکەکان گەیشتوونەتە ئەنجام ته‌نیا پشكی هه‌رێم نه‌بێت"

جه‌مال كۆچه‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
جه‌مال كۆچه‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

K24- هه‌ولێر:

لیژنەی دارایی په‌رله‌مانی عێراق رایگەیاند، سەرجەم بەربەستەکانی بەردەم وردبینی بودجەی گشتی تێپه‌ڕێندراون، بۆیە پڕۆژە یاسای بودجە بۆ دەنگدانی رۆژی دووشەممە ئامادەیە، بۆ ئەو مه‌به‌سته‌ش سبەی بەربرسانی لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ لیژنەی دارایی کۆدەبنەوە.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 کۆتا دانوستاندنەکانی لەسەر ئەنجامدەدرێت، لەباره‌ی زۆربەی پشکەکان گەیشتوونەتە ئەنجام، تەنیا پشکی هەرێمی کوردستان نەبێت، كه‌ به‌ رێژه‌ی 12.67% دانراوه‌.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، لە کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەی دارایی، داهاتە نانەوتییەکانی وه‌ك باج و باجی سه‌ر تاك و چه‌ندین داهاتی دیكه‌ تاوتوێ دەکرێن.

جه‌مال كۆچه‌ر جەختیشی کردەوە، پڕۆژە یاسای بودجە ئاماده‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دانیشتنی رۆژی دووشه‌ممه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، و لە هەمان کاتدا چاوەڕێی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ لیژنەی دارایی دەکەن، بۆ ئەوەی لەسەر تێپەڕاندنی رێکبکەون و پشکی هەرێمی کوردستان له‌ بودجه‌ی گشتی دیاری بکەن.

H.B

Fly Erbil Advertisment