ئێران له‌گەڕانەوەی ئه‌مه‌ریكا بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی نائومێد بووە

"بەھیچ شێوەیەك ملكەچی داواكانی ئیداره‌ی نوێی ئەمه‌ریكا نابین"

محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران
محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران

K24 - هه‌ولێر:

محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگه‌یاند،‌ وڵاته‌كه‌ی به‌ داواكارییه‌كانی ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا رازی نابێت و داوای هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆكانیش ده‌كات، توركیاش پشتیوانی ئه‌م داوایه‌ی تاران ده‌كات.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە زنجیرە سەردانەكانیدا، ئه‌مڕۆ ھەینی (29ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2021)، سەردانی توركیای كرد، لەگەڵ سەرۆك كۆمار و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە كۆبوویەوە.

زەریف لە توركیاوە جه‌ختی كرده‌وه‌، ئەوان داواكارییەكانی ئیداره‌ی نوێی ئەمه‌ریكا جێبەجێ ناكەن، ھاوكات هاوتا توركییه‌كه‌ی، مەولوود چاوشئۆغلۆ، داوا لە ئەمه‌ریكا دەكات، كە گەمارۆكانی سەر ئێران لابدات.

ئەگەرچی تا ئێستا كۆبوونەوەكانی زەریف لەگەڵ ئەردوغان و چاوشئۆغلۆدا دیار نییە چی باسكراوە، بەڵام باسی سەرەكی كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكەی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و توركیا لەسەر ئەمه‌ریكا بوو، زەریف ئاماژه‌ی كرد، لەھەموو حاڵەتێكدا توركیا بە دۆست و ھاوپەیمانی خۆیان دەزانن، بەھیچ شێوەیەكیش ملكەچی داواكانی ئیداره‌ی نوێی ئەمه‌ریكا نابن.

زەریف گوتی: "دوای ئەوەی ئێران تا رادەیەكی زۆر لە ئیداره‌ی نوێی "جۆ بایدن"، بۆ گەڕانەوەی بێ مەرجی ئه‌مه‌ریكا بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی نائومێد بووە".

وەزیری دەرەوەی ئێران، زنجیرە سەردانێكی بۆ رووسیا، ئازەربایجان، ئەفغانستان و توركیا دەستپێكردووە و نایشارێتەوە، كە پڕۆژەیەكی بە ھەموو ئەو وڵاتانە داوە، بۆ ئەوەی ھاوپەیمانییەكی پته‌و دروستبكەن، تا بەرامبەر گەمارۆكانی ئەمه‌ریكا بوەستنەوە، كە ئێستا بە پاساوی جیاواز توركیا و رووسیاشی گرتووەتەوە.

مەولود چاوشئۆغلۆ، گوتی: "ھیوادارین ئیداره‌ی "جۆ بایدن"، بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی، بۆ ئەوەی ھاوكارییەكان لەسەر پرسی ئەتۆمی بەردەوام بن، پشت بەخوا گەمارۆكانی ئەمه‌ریكا بۆ سەر ئێران بەشێوەیەكی دۆستانە لادەدرێن".

لێدوانەكانی ئەم چەند رۆژەی "ئانتۆنی بلینكن"، وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریكا تا رادەیەك سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەی دەرخستووە، پێناچێت له‌سه‌رده‌می بایدن، نێوان ئەمه‌ریكا لەگەڵ رووسیا، توركیا و ئێران زۆر باش بێت، ھەربۆیە لە ئێستاوە ئەو (3) وڵاتە دەیانەوێت پەیامێك بە ئەمه‌ریكا بدەن.

د.ی

Fly Erbil Advertisment