نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی نۆروێژ له عێراق پرسه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تاوتوێ ده‌كه‌ن
"بۆ تێكشكاندنى يه‌كجاره‌كيى داعش، هه‌رێمی كوردستان و عێراق هێشتا پێويستييان به پشتگيريى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه"

K24- هه‌ولێر:
نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا له‌گه‌ڵ تۆن ئالێرس، باڵيۆزى نۆروێژ له عێراق، جه‌ختى له پێويستيى ئاواره و په‌نابه‌ران له هه‌رێمى كوردستان به به‌رده‌واميى هاوكاريى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى كرده‌وه و سوپاسى يارمه‌تيى مرۆيى و هاوكارييه‌كانى نۆروێژى بۆ ئاواره و په‌نابه‌ران كرد، باڵيۆزى نۆروێژيش پابه‌نديى وڵاته‌كه‌ى به به‌رده‌واميى يارمه‌تيدانى مرۆيى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه و هه‌ردوولا هاوڕا بوون، كه بۆ تێكشكاندنى يه‌كجاره‌كيى داعش، عێراق و هه‌رێمى كوردستان هێشتا پێويستييان به پشتگيريى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌يه.
له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه 2021/1/31 له هه‌ولێر به‌ڕێوه چوو، دۆخى ئاواره و په‌نابه‌ران له كه‌مپه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، هه‌نگاوه‌كانى گفتوگۆى هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، رێككه‌وتنى حكوومه‌تى فيدرالى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال، دۆخى ناوچه‌كانى مادده‌ى 140ی ده‌ستوور، پرسى بودجه‌ى گشتيى عێراق و پشكى هه‌رێمى كوردستان، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق، كرده‌وه تيرۆرستييه‌كانى ئه‌م دواييه له عێراق، سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش و هۆكاره‌كانى، پێشهات و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى ناوچه‌كه به‌گشتى تاوتوێ كران.
نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له ئاماده‌يى و خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنى ته‌واوى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فيدراڵى عێراق له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و گرنگيى جێبه‌جێكردنى سيستمى فيدراڵى كرده‌وه، كه زامنى ئارامى و سه‌قامگيرى و پێكه‌وه‌ژيانى پێكهاته‌كانى عێراق ده‌بێت، له‌مباره‌يه‌وه رۆڵى يارمه‌تيده‌رى نه‌ته‌وه يه‌كگرتووه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به گرنگ له قه‌ڵه‌م دا.
H.B
