17 ساڵ بەسەر تەقینەوەكانی 1ی شوبات تێدەپەڕێت
زیاتر لە 100 كەس شەھیدبوون

K24 – ھەولێر
لە 1ی شوباتی 2004 ھەردوو بارەگای لقی 2ی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەڵبەندی 3ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە رێگەی تەقینەوەی خۆكوژی كرانە ئامانج.
لە یەكەم رۆژی جەژنی قوربان كاتێك خەڵكی ھەرێمی كوردستان سەرقاڵی جەژنە پیرۆزە و گەردەن ئازایی بوون و دڵخۆش بوون بە بەرقراربوونی ئاشتی و رێكخستنەوە ئیدارەی ھەرێمی كوردستان، لەلایەن گرووپێكی تیرۆرستی دوو تەقینەوە خۆكوژی لە بارەگاكانی مەڵبەندی 3ی یەكێتی و لقی 2ی پارتی لە ھەولێر ئەنجامدران، كە بووە ھۆی شەھیدبوونی 103 كەس لەناویاندا ژمارەیەك سەركردە و بەرپرسی باڵای حكومیی و حزبی بوون و ژمارەیەك كەسی دیكەش برینداربوون.
ئەو دوو تەقینەوەیە لەكاتێكدا بوون، كە پرۆسەی ئاشتی لەنێوان پارتی و یەكێتی چووبووە بواری جێبەجێكردن و خەڵكی ھەرێمی كوردستان بە ئومێدەوە چاوەڕێی قۆناغی داھاتوویان دەكرد، بە گوتەی بەرپرسانی باڵای ھەردوو حزب یەكێك لە ئامانجەكانی ئەو كردەوەیە تەگەرە دروستكردن بووە بۆ پرۆسەكە، بەڵام ئەو ئامانجەیان نەھاتەدی و خەڵكی كوردستان و كادیر و ئەندامانی ھەردوو حزب پێكەوە شینیان بۆ شەھیدانی 1ی شوبات گێڕا، ھەوڵەكانیش بۆ كاڵكردنەوەی دوو ئیدارەیی چڕ كرانەوە.
وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان لە بەیاننامەیەكدا بەبۆنەی تێپەڕبوونی 17 ساڵ بەسەر تەقینەوەكانی یەكی شوبات رایگەیاند: "ئەگەرچى تیرۆریستان بەو کارەیان ئامانجیان تێکدانى ئاشتى و گیانى لێبوردەیى و خۆشیەکانى جەژن بوو، بەڵام خوێنى شەهیدان و قوربانیەکان بوونە هەوێنى زیاتر بەهێزکردنى گیانى پێکەوەژیان و تەبایى و یەکێتى ریزەکانى گەلى کوردستان، نەک هەرهێندە، بەڵکو ئیرادەى بەرگرى و قارەمانێتى هێزى پێشمەرگە لە کوردستان پاش چەند ساڵێک داستانى مەزنى لە رووبەڕووبونەوەى گەورەترین رێکخراوى تیرۆریستى تۆمارکرد و لە برى جیهان شەڕى تیرۆریستانى داعشى کرد، بەجۆرێک کە مرۆڤایەتى بە شانازییەوە ئاماژەى پێدەکات".
لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا ھاتووە: "ئەمساڵ کە یادى شەهیدانى ئەوکارەساتە دەکەینەوە لەگەڵ ناردنى دروود بۆ گیانى شەهیدانى کوردستان، گەل و حکومەتى هەرێمى کوردستان شانازى بە ئاسایش و ئارامى کوردستان و خۆڕاگرى لە ئاست هەموو کارەسات و قەیرانەکان دەکات. هیوادارین ئەم بۆنانە هاندەرى زیاتر بەهێزکردنى سەروەرى کوردستان و یەکێتى ریزەکانى گەلەکەمان بێت".
ھۆشمەند سادق، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند "بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە ئەمساڵ وەك ساڵانی پێشوو رێوڕەسمی فراوان بۆ یادی شەھیدانی 1ی شوبات رێك ناخرێت، وەزیری شەھیدان بە نوێنەرایەتی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان تاجەگوڵینە لەبەردەم مۆنۆمێنتی شەھیدانی 1ی شوبات دادەنێت، ھەروەھا كەسوكاری شەھیدان بۆ دانانی تاجەگوڵینە سەردانی مۆنۆمێنتی شەھیدانی 1ی شوباتیان كردووە".
عەدنان موفتی، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە یەكێك بوو لە بریندارەكانی 1ی شوبات لە كاتی تاجەگوڵینە لەسەر مۆنۆمێنتی شەھیدان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "یەكڕیزی گەلەكەمان لە ھەموو كات پێویستە، ھەر كاتێك گەلی كورد یەكڕیز بووبێت سەركەوتنی بەدەستھێناوە".
