داوای دانانی سنوورێك بۆ تهعریب دهكرێت
له ناوچه كوردستانییهكان تهعریب و داگیركاری بهردهوامه

K24 - ههولێر:
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوا لە وەزیری دادی عێراق دەکات، هەرچی دەستەڵاتی هەیە، بەکاری بهێنێت بۆ رێگریکردن لە تەعریب و داگیرکاری لە ناوچە کوردستانییەکان و رێگریكردن لە گۆڕینی دیموگرافیای ئەو ناوچانە، ئەندامێکی لیژنەی ناوچەکوردستانییەکانیش رایگهیاند، تەعریب و داگیرکاری بەردەوامە، چارەسەریش گەڕانەوەی پێشمەرگەیە، شارەزایەکی یاسایش لهو بڕوايهدايه وەزارەتی داد ئەگەر کار بکات، دەتوانێت رێگری لە تەعریب و داگیرکاری بکات.
یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دادی عێراق تایبەت بوو بهدۆخی ناوچە کوردستانییەکان و بهردهوامبوونى سياسهتى تەعریب و داگیرکاری و گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوای لە وەزیری داد و دادگا فیدراڵییەکان كرد، رۆڵی ئەرێنی بگێڕن لە سنووردانان و رێگریکردن لە دەستدرێژیکردنە سەر موڵک و ماڵی هاووڵاتیانی کورد و کاریش بکرێت بۆ نەهێشتنی گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە، لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانیش روونیكردهوه، جێبەجێکردنی یاسا و گەڕانەوەی پیشمەرگە هۆکارێکی سەرەکی دەبن بۆ رێگریكردن لە تەعریب و گۆڕینی دیمۆگرافیا.
گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردستانییەکان بەردەوامه، ئەو سیاسەتەش لەم قۆناغەدا لهلایەن میلیشیاکانەوە جێبەجێ دەکرێت، وەزارەتى داد و دەزگا دادوەرییەکانی عێراقيش توانای کۆنترۆڵكردنی ئەو میلیشیایانەی نییە، پسپۆڕێکی یاساییش ئاشكرایكرد، وەزارەتی داد دەتوانێت رێگری لە تەعریب بکات و چەند بڕیارێکيش دەربکات.
لەدوای (16ی ئۆکتۆبەر)ـهوه سياسهتى تەعریب و داگیرکاری و گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچە کوردستانییانە بە چڕی دەستپێکردوە و قۆناغی ئێستاش زۆر لە قۆناغەکانی پێشوو ترسناکترە، حکومەتی عێراقیش جگە لە بێدەنگی، رێگەش بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە خۆش دەکات، داواش دەکرێت وەزارەتی داد ئەرکی خۆی ئهنجام بدات و سەرجەم ئەو رێکارانە هەڵوەشێنێتەوە، کە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردستانییەکان دەگیرێتەبەر.
د.ی