تیمەکەی تەندروستیی جیهانی لە ووهان ئەو داتایانە دەبینێت "کە پێشتر کەس نەیبینیون"

ئەندامێکی تیمەکە: بەڕاستی خەریکە بە شتێک دەگەین

دکتۆر پیتەر و تیمەکەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەکاتی دەرچوون لە سەنتەری ڤایرۆسناسی لە ووهان، 3ـی شوبات/ فێبرایەرـی 2021، وێنە: AFP
دکتۆر پیتەر و تیمەکەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەکاتی دەرچوون لە سەنتەری ڤایرۆسناسی لە ووهان، 3ـی شوبات/ فێبرایەرـی 2021، وێنە: AFP

K24 - هەولێر

تیمی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) کە لە ووهانی چین خەریکی لێکۆڵینەوەیە لەبارەی سەرچاوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا "داتای وای بەدەست دەگات، کە پێشتر کەس نەیبینیون"، بەڵام ئەو ئەگەرەشیان بەلاوە نەناوە کە ڤایرۆسەکە لە تاقیگەوە دەرچووبێت.

دکتۆر پیتەر داسزاک، یەکێکە لە ئەندامانی تیمەکەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، بە سکای نیوزی بەریتانی گوتووە "ئێمە زانیاریی نوێمان بەدەست دەگات، زانیارییەکان زۆر بەنرخن و یارمەتیدەرمان دەبن لەوەی چۆن بە ئاراستەی راست، لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەو ڤایرۆسە بکەین".

دکتۆر داسزاک، کە جگە لە ئەندامبوونی لەو تیمە، خۆی سەرۆکی رێکخراوی هاوپەیمانیی ئێکۆ تەندروستییە (EHA)، دەڵێ "ئەو شوێنانەی سەردانمان کردوون، زانیاریی بەنرخیان پێداوین بەتایبەتی لە بازاڕی دەریایی هوانان، کە یەکەمجار کەیسی تووشبوون بە کۆرۆنا لەوێ تۆمارکرا".

هەروەها باس لەوە دەکات "لە بازاڕەکە پرسیارمان لە خاوەن کارەکان، فرۆشیارەکان و ئەو کەسانەش کردووە کە لەو شوێنە دەژین و سامپڵ لە هەموو شتێک کۆدەکەینەوە".

تیمی لێکۆڵینەوەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دوای زیاتر لە ساڵێک لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، گەیشتووەتە ووهان، شوێنی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019.

هەرچەندە رێکخراوی تەندروستی جیهانی گلەیی هەبوو لە دواکەوتنی رێگەدان بە تیمەکەیان، بەڵام ئەو ئەندامەی تیمەکە دەڵێ زانا چینییەکان کە ئەوانیش لەلایەن خۆیانەوە لیکۆڵینەوەیان لەسەر چۆنییەتی دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا کردووە، "بەجۆرێک زانیاریمان پێدەدەن و هاوکارن، کە پێشتر شتی نەبینراوە. ئەوان، زۆر بە کراوەیی قسەمان لەگەڵدا دەکەن سەبارەت بە هەموو ئەگەرەکان. بەڕاستی خەریکە بە شتێک دەگەین و پێموایە هەموو ئەندامانی تیمەکەشمان هەر وا دەڵێن".

Fly Erbil Advertisment