نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە نادیە موراد کرد
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا دووپاتی کردەوە "لە هەوڵەکان بەردەوام دەبن و کاردەکەن بۆ ئەوەی کێشەکانی ئێزدییان و ناوچەی شنگال چارەسەر بکرێن"
.jpg)
K24 - هەولێر
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە هەولێر پێشوازی لە نادیە موراد، کچە چالاکوانی ئێزدی و رزگاربووی دەستی داعش کرد، دووپاتی کردەوە لەسەر هەوڵەکان بەردەوام دەبن و کاردەکەن بۆ ئەوەی کێشەکانی ئێزدییان و ناوچەی شنگال چارەسەر بکرێن.
بەپێی راگەیەندراوێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا دووپاتی کردەوە "لە هەوڵەکان بەردەوام دەبن و کاردەکەن بۆ ئەوەی کێشەکانی ئێزدییان و ناوچەی شنگال چارەسەر بکرێن. لەمبارەیەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەکی پێویست دەکەن".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی نادیا مورادی لەپێناو خزمەتکردنی ئێزدییان بەرزنرخاند و، ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیریکردنی هەر کار و پرۆژەیەکى بۆ خزمەتکردنی ئێزدییان دەربڕی.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، نادیا موراد سوپاس و پێزانینی پێشکەشی هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ بەرەوپێشبردنی دۆسیەی ئێزدییەکان و خزمەتکردنیان.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکە، هەردوولا باسیان لە: پرسی گێڕانەوەی کۆمەڵێک رووفاتی قوربانییانی ئێزدی بۆ گوندی کۆچۆ، رێککەوتنی شنگال و چەند بابەتێکی دیکەی پەیوەست بە کاروباری ئێزدییان کردووە.
