ژمارهی نوێنهرایهتییهكانی ههرێم زیاتر دهكرێت
"هەریەک لە وڵاتی چین و چیک و میسر و سعودیە و چەندین وڵاتی دیکەش داوایان کردووە حکومەتی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی خۆی لەو وڵاتانە بکاتەوە"

K24 - ههولێر:
بەرپرسێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ژمارەیەک وڵات داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، نوێنەرایەتیان لەو وڵاتانە بکاتەوە، ئاماژهی بهوهشكرد، هەریەک لە وڵاتی چین و چیک و میسر و سعودیە و چەندین وڵاتی دیکەش هەمان داواکاریان پێشکەش کردووە، بڕیاریشە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بۆ کردنەوەی ئەو نوێنەرایەتییانە گفتوگۆ بکرێت.
رۆژ دوای رۆژ پەیوەندییە ئابووری و دیپلۆماسییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان بەرەو پێش دەچێت، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کونسوڵ و نوێنەرایەتیان لە هەرێمی کوردستان هەیە، سامان سۆرانی، راوێژکاری سیاسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "هەریەک لە وڵاتی چین و چیک و میسر و سعودیە و چەندین وڵاتی دیکەش داوایان کردووە حکومەتی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی خۆی لەو وڵاتانە بکاتەوە".
بەپێی دەستووری عێراق هەرێمی کوردستان، دەتوانێت لەو وڵاتانە نوێنەرایەتی بکاتەوە، کە باڵوێزخانەیان لە عێراق هەیە، پێشتریش لەچوارچیوەی ئەو ماددانەی دەستوور، هەرێمی کوردستان چەندین نوێنەرایەتی کردووەتەوە، لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی کوردستانیش پشتگيری کردنەوەی ئەو نوێنەرایەتییانە دەکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، (14) نوێنەرایەتی لە وڵاتان کردووەتەوە، (34) وڵاتیش کونسوڵخانە و نوێنەرایەتییان لە هەرێمی کوردستان کردووتەوە، ئەم داواکارییەی وڵاتان بۆ ئەوەیە، پەیوەندییە ئابووری و دیبلۆماسییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان فراوان بکەن، بە تایبەتی لە بواری ئابووریدا.
د.ی