ڤاكسینی چین دەگاتە ھەرێمی كوردستان
چین 5 ھەزار ڤاكسین بۆ ھەرێمی كوردستان دەنێرێت
K24 – ھەولێر
وەزارەتی تەندروستی ئاشكرای دەكات، لە ئایندەیەكی نزیكدا وڵاتی چین 5 ھەزار ڤاكسینی دژی كۆرۆنا بۆ ھەرێمی كوردستان دەنێرێت.
دكتۆر ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە ماوەیەكی نزیكدا 5 ھەزار ڤاكسین لە وڵاتی چینەوە دەگاتە ھەرێمی كوردستان".
گوتیشی: "ئەو 5 ھەزار ڤاكسینە بۆ 2500 كەسە، چونكە ھەر كەسێك پێویستە لە مانگێكدا دوو ژەمە ڤاكسین وەربگرێت".
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی روونیكردەوە: "ئەو ھاوكارییەی وڵاتی چین لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندیی و ھەماھەنگییە دایە كە نێوان حكومەتی ھەرێمی كوردستان و حكومەتی چین ھەیە، بەتایبەتی كونسوڵی چین لە ھەرێمی كوردستان، كە ھەر لە سەرەتاوە رۆڵی باشیان ھەبووە لەو خزمەتگوزاریانەی بۆ خۆپارێزی دژی كۆرۆنا دابین كراون".
ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەو دەستپێشخەریەی چین بە گرنگ دەزانین، چونكە دابینكردنی ڤاكسین ئێستا كارێكی لە پێشینەیە، بۆ ئەم مەبەستەش گفتوگۆمان لەگەڵ چەند كۆمپانیای دیكە ھەیە، بۆ ئەوەی لە ئایندەدا بتوانین بە خۆمان ڤاكسین بێنین".