ئەمڕۆ پارێزگاری نوێی ھەولێر ھەڵدەبژێردرێت
ئومێد خۆشناو كاندیدی پارتییە بۆ پۆستی پارێزگاری ھەولێر و دیارترین بەرژێرە

K24 – ھەولێر
ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، بۆ ھەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ كۆدەبێتەوە، سێ كەس خۆیان بۆ پۆستەكە كاندید كردووە و لەناویشیاندا ئومێد خۆشناو دیارترین بەربژێرە و كاندیدی پارتییە كە حزبەكەی زۆرینەی ناو ئەنجومەنە و رێككەوتنیشی لەگەڵ لایەنە سەرەكییەكانی دیكە ھەیە.
كەنعان خەیلانی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند "ئەمرۆ كاتژمێر 9ی بەیانی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر بە مەبەستی دەنگدان بە پارێزگاری نوێ كۆدەبێتەوە".
گوتیشی: "ئومێد خۆشناو كاندیدی ئێمەیە بۆ پۆستی پارێزگاری ھەولێر دەنگی پێویستیشمان بۆی كۆكردوەتەوە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "پارێزگاری نوێ لە كۆی 30 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا پێویستی بە 50+1ی ئەندامانی ئەنجومەن ھەیە، بۆ ئەوەی ببێتە پارێزگاری ھەولێر و متمانەی پێبدرێت".
راشیگەیاند: "ھەماھەنگیمان لەگەڵ لایەنەكانی دیكە زۆر باشە و پێشتریش كاندیدی ھەر لایەنێك ھاتبێتە ئەنجومەن زۆرینەی ئەندامان دەنگیان پێداوە".
دوای دەستپێكردنی رێكارە یاساییەكان، لە كۆبوونەوەی رۆژی 6/2/2021 دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر وادەی كۆبوونەوەی بۆ ھەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ دیاركرد. دوای ئەوەی لە ئەنجومەنی پارێزگا دەنگ بە پارێزگار درا و پەسند كرا، بڕیارەكە رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان دەكرێت و پاشان مەرسومی ھەرێمی لەلایەن سەرۆكایەتی ھەرێم بۆ دەردەچێت و پارێزگار سوێندی یاسایی دەخوات و دەستبەكار دەبێت.