شارەزایان: رادەستکردنی مەلەفی نەوت هەڵەیەکی سیاسی گەورەیە
"داواكارییەكانی بەغدا سیاسین"

K24 – ھەولێر:
شارەزایانی یاسا و بواری نەوت رایانگەیاند، هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوور و ماددەکانی تایبەت بە نەوت کاری دەرهێنانی نەوتی کردوە، کێشەکانی هەولێر و بەغداش لە بارەی نەوت و وزە سیاسین و داواشیانكرد پرۆژە یاسای نەوت و غاز لە عێراق پەسەند بکرێت، کە چارەسەری کێشەکانی نەوت دەکات. هۆشدارشیاندا رادەستکردنی مەلەفی نەوت هەڵەیەکی سیاسی گەورەیە و ئەو داواکاریەش نادەستووریە.
کێشەی نەوت لە نێوان هەولێر و بەغدا ئێستا بووەتە چەقی کێشەکانی هەردوولا، دوو ماددەی دەستوریش رێگە دەدەن هەرێمی کوردستان کاری دۆزینەوە، دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت بكات، بەڵام بەغدا کار بەم دوو ماددەیە ناکات. لە ساڵی2007 یشەوە پرۆژە یاسایەک لە پەرلەمانی عێراقە، کە چارەسەری کێشەی نەوت دەکات، كەچی پەرلەمان ئامادە نییە ئەو یاسایە تێپەڕێنێت.
گۆڤەند شێروانی: پسپۆڕی بواری نەوت گوتی: هەرێمی کوردستان بە یاسای نەوت و غازی خۆی کار دەکات، دەستووریش رێگەی بەمە داوە.
لە پەرلەمانی عێراق داوادەکرێت هەولێر تەواوی مەلەفی نەوت و داهاتە نانەوتییەكان رادەست بکات، ئەم داواکارییە جگە لەوەی نادەستوورییە؛ مەترسیداریشە.
ئارام رەسوڵ مامەند، چاودێری سیاسی گوتی: بەغدا بۆ بچووکردنەوەی هەرێمی کوردستان ئەم هەنگاوانە دەنێت و دەستوور لە دوو ماددەدا رێگەی بە هەرێمی کوردستان داوە بۆ دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت، بەڵام بەغدا دەیەوێت لەو رێگەیەوە قەوارەی سیاسی و دەستووری هەرێمی کوردستان بچووک بکاتەوە.
گفتوگۆیەکانی هەولێر و بەغدا لە بارەی پرۆژە یاسای بودجەی 2021 بەردەوامە و ئەوەی رێگرە لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە، پەرلەمانی عێراقە، لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوور ماددەکانی تایبەت بە سەرچاوە سروشتییەکان کاری دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت دەکات و لێدوانەكانی وەزیری نەوتی عێراقیش لە بارەی پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان رەت دەکرێـنەوە.