دوو کەس دوای وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا گیان لەدەستدەدەن

K24- هەولێر:
دوای وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا، دوو کەس لە ئەمەریکا گیان لەدەستدەدەن، بەرپرسانی ئەو وڵاتەش لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە.
درێن کێیس، تەمەنی 58 ساڵ بووە و خەڵکی ویلایەتی ڤێرجینیایە، شەممەی رابردوو، ڤاکسینی کۆرۆنای وەرگرتووە.
بەگووتەی کچەکەی، لە دوای وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا، دایکی تووشی رشانەوە و هەناسە تووندی بووە، چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە، گیانی لەدەستداوە.
نۆرمان ئۆلیڤەر، بەرپرسی تەندروستی ڤێرجینیا لەو بارەوە رایگەیاندووە، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، بەهۆی ڤاکسینەکە گیانی لەدەستنەداوە، بەڵام لێکۆڵینەوەی زیاتر دەکەین تاوەکو دڵنیا بین لە زانیارییەکان.
ئەوەشی ئاشکراکردووە، ئەوە دەزانین کە لە دوای وەرگرتنی ڤاکسینەکە ئەو خانمە گیانی لەدەستداوە، بەڵام بەڵگەمان نییە کە ڤاکسینەکە هۆکاری مردنەکە بێت.
هەروەها لە شاری نیویۆرک، پیاوێکی تەمەن 80 ساڵ، چەند کاتژمێرێک دوای وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا، گیانی لەدەستداوە.
لەو بارەوەشەوە، بەرپرسان رەتیانکردەوە هۆکاری مردنەکە بۆ ڤاکسینی کۆرۆنا بگەڕێتەوە.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی، ڤاکسینەکەی ئەمەریکای پەسەندکردووە و بە سەلامەت لە قەڵەمی داوە، بەڵام تاوەکو ئێستا چەند حاڵەتێکی مردن لە دوای وەرگرتنی ڤاکسینەکە تۆمارکراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە، کۆمپانیای فایزەری بەرهەمهێنەری ڤاکسینی کۆرۆنا لە ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ڤاکسینەکە بۆ هەموو کەسێک گونجاو و جێی مەترسی نییە.
NBC