کورد داوای پشکی خۆی لە کۆمپانیای سۆمۆ دەکات
"جگە لە کورد، سوننەش ئەندامی نییە و لايهنى شیعە دەستی بەسەر ئەم کۆمپانیایەدا گرتووە"

K24 - ههولێر:
کورد داوای پشکی خۆی لە کۆمپانیای سۆمۆ دەکات، تا ئێستا هەرێمی کوردستان نە هاوبەشی لە کۆمپانیای سۆمۆ هەیە، نە ئەندامیشه لەو کۆمپانیایە، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان له پهرلهمانی كوردستان رایگهیاند، جگە لە ئەندام، دەبێت کورد لەو کۆمپانیایە مافی ڤیتۆشی هەبێت، پسپۆرێکی بواری نەوتیش لهوبڕوايهدايه، پێویستە هەرێمی کوردستان لەو کۆمپانیایە هاوبەش بێت، چونكه هەموو گرێبەستەکانی نەوت و هەناردەکردنی بەروبوومە نەوتییەکان لە رێگەی سۆمۆوه دەكرێن.
زیاتر لە (90%)ی نەوتی عێراق لە رێگەی کۆمپانیای نیشتمانیی فرۆشتنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"وه ههنارده دهكرێت، كه بەپێی دەستووری عێراقی فیدراڵ، یەکێکە لە کۆمپانیا نیشتیمانییەکان و پەیکەربەندی ئەم کۆمپانیايه لە بەڕێوەبەری گشتی و چەند جێگرێك پێکهاتووە، بهڵام هەرێمی کوردستان هیچ نوێنەرێکی وهك هاوبەش لەو کۆمپانیایهدا نییە، به راى پسپۆڕێکی بواری نەوت، گرنگە هەرێمی کوردستان لە کۆمپانیای سۆمۆ پشکی هەبێت، لەبەر ئەوەی هەموو گرێبەستەکانی نەوت و هاوردەکردنی بەروبوومە نەوتییەکان لە رێگەی ئەم کۆمپانیایەدا دەكرێت.
هەرێمی کوردستان لەگفتوگۆدایە لە بارەی پڕۆژەیاسای بودجەى (2021)، كه خاڵێكى رێککەوتنى ههولێر و بهغدا، رادەستکردنی (250) هەزار بەرمیل نەوتە، ئەم نەوتەش دهدرێتە کۆمپانیای سۆمۆ، بەڵام ههرێمى كوردستان هیچ نوێنەرێکی لەو کۆمپانیایەدا نییە و ناشزانرێت ئەم نەوتە چۆن دەفرۆشێت و نرخەکەی چەندە و چۆن پارەکەی دەگەڕێتەوە، گوڵیزار رەشید، جێگری سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان گوتی: "جگە لە کورد، سوننەش ئەندامی نییە و لايهنى شیعە دەستی بەسەر ئەم کۆمپانیایەدا گرتووە و داواش دهكرێت، جگه له بهشداريكردن، پێويسته کورد مافی ڤیتۆشی هەبێت".
بەپيێ دەستوری عێراقی فیدراڵ، دەبێت لە دامەزراوە نیشتیمانییەکانی عێراق، بەپێی رێژەی پێکهاتەکان، پشکەکان دابەش بکرێن، یەکێك لەو دامەزراوانە، کۆمپانیای سۆمۆیە، کە کورد هیچ ئەندامێکی تێدا نییە، جگە لە ئەندام، داوا لە وەزارەتی نەوتیش دەکرێت، پشکی کورد بدرێت و مافی ڤیتۆشی هەبێت، چونكه ئەگەر نوێنەریشی هەبێت، بەڵام دەسەڵاتی نەبێت، هیچ لە بەرژەوەندی کورد نابێت.
د.ی