به‌شیر حه‌داد: پێویستە یاسای بودجە ببێتە ھەوێنی له‌یه‌ك نزیکبوونەوەی ھەولێر و بەغدا
"ھەر بژاردەیەك سەبارەت بە پشکی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی ساڵی 2021 دابنرێت، دەبێت دەستووری بێت"

K24 – هه‌ولێر:
نووسینگەی راگەیاندنی جێگری دووه‌می سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ به‌شیر حه‌داد، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی كرد و تێیدا رایگه‌یاند، پێویستە یاسای بودجە ببێتە ھەوێنی له‌یه‌ك نزیکبوونەوەی ھەولێر و بەغدا.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، كه وێنه‌یه‌كی بۆ كوردستان24 نێردراوه، ئاماژه به‌وه دراوه: له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، به‌شیر حه‌داد، گوتی: "پێویستە یاسای بودجە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابڕێژرێت بەسەر تەواوی پێکھاتەکانی عێراق و بەیەك چاویش سەیری تەواوی پارێزگاکانی عێراق و پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستانیش بکرێت و بە پێی رێژەی دانیشتوان و شایستەی دەستووری پشکەکان دابەش بکرێن".
هه‌روه‌ها هاتووه: به‌شیر حه‌داد، دووپاتیكرده‌وه، "ھەر بژاردەیەك سەبارەت بە پشکی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی ساڵی 2021 دابنرێت، دەبێت دەستووری بێت و قبوڵ ناکرێت ھیچ بژاردەیەکی دیکە دیاری بکرێت، کە لە مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان کەم بکاتەوە".
له به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: "حەداد ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە لیژنەی دارایی کارێك بکات، کە پرۆژە یاسای بودجە بە ھەماھەنگی و تەوافوقی نیشتمانی تێپەڕێت نەکك بەشێوەی زۆرینە و کەمینە، چونکە پێویستە پەرلەمان رۆڵی نێوەندگیری بگێڕێت و ھاوکاری حکومەت بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو کۆمەڵگە و پتەوکردنی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان، نەك خۆی ببێتە بەشێك لە کێشە و کێشە بۆ حکومەت دروست بکات".
له به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و راگه‌یاندراوه‌ی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا باس له‌وه كراوه، به‌شیر حه‌داد ئاماژەی بەوەداوه، پێویستە کارەکان بەشێوەیەك بەڕێوەبچن، کە بودجەی ساڵی 2021 ببێتە ھەوێنی له‌یه‌ك نزیکبوونەوەی نێوان ھەولێر و بەغدا لەلایەك و نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەشێوەیەکی گشتی و پێوستە ئەو بەرەوپێشهوەچوونانەی ھەرێم بە ھەند وەربگیرێن و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی فیدراڵیش ھەنگاو بھاوێژێت، بۆ گەیشتن بە رێكکەوتن و جاوەڕوانیش دەکرێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئەو پرۆژە یاسایە لە لیژنەی دارایی تەواو بێت و لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت".
داڕشتنه‌وه: ئ.ر
پێداچوونه‌وه: هـ.ب