ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی پشتیوانی عه‌ره‌بی هاورده‌ ده‌كات

به‌رپرسێكی یه‌كێتی: ئه‌وها له‌ دووره‌وه‌ بۆمان هه‌یه‌ سه‌یری زه‌وییه‌كه‌مان بكه‌ین، ئێستا ئه‌وان خاوه‌ن ماڵ و ئێمه‌ بێگانه‌ین

لە سنووری گوندەکانی "حەفتەغار" داگیرکردنی زەوی به‌رده‌وامه‌
لە سنووری گوندەکانی "حەفتەغار" داگیرکردنی زەوی به‌رده‌وامه‌

K24 - هه‌ولێر:

عەرەبی هاوردە لە سنووری گوندەکانی "حەفتەغار"، لە داگیرکردنی زەوی و زاری جوتیارانی کورد بەردەوامن، لە دوای (16ی ئۆکتۆبەر)ەوە، نزیکەی (5) هەزار دۆنم زەوییان داگیرکردووە، به‌ گوته‌ی جوتیارانی کورد، عەرەبەکان بە پشتیوانی هێزە سەربازییەکان و سەرپەرشتی راستەوخۆی "راکان جبووری"، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووك، له‌ شەودا زەوییەکان دەکێڵن و داگیری دەکەن، جوتیاران بەڵگەی خاوەنداریه‌تی زەویەکانیان هەیە، بەڵام حوکمی هێز بەسەر یاسادا زاڵە و کاری پێناکرێت.

زەوی و زاری باب و باپیرانی، عەرەبی هاوردە داگیری کردووە و تەنیا لە دوورەوە دەتوانێت سەیری بکات، "مەلا حەسەن"، بەرپرسێکی دیاری یەکێتییە و خەڵکی سنووری حەفتەغارە، ئێستا لە بری ئەو، عەرەبی هاوردە خاوەن ماڵن و تەنانەت تێپەڕبوونیشی بە بازگاکاندا ئاسان نییە.

مەلا حەسەن، جێگری مەڵبەندی خوورماتووی یەکێتی گوتی: "ئه‌وها له‌ دووره‌وه‌ بۆمان هه‌یه‌ سه‌یری زه‌وییه‌كانمان بكه‌ین، ئێستا بچم، پۆلیسی فیدراڵی ده‌ڵێت: بۆ كوێ ده‌ڕۆی؟، ئه‌وه‌ زه‌وی و ئاومانه‌، یادگاری منداڵیمانه‌، باوك و باپیرانمان هه‌زاران ساڵه‌ ئێسك و پروسكیان تێكه‌ڵ به‌و خاكه‌ بووه‌، ئێستا ئه‌وان خاوه‌ن ماڵ و ئێمه‌ بێگانه‌ین".

(35) ساڵی حوکمی بەعس، زەوی و زاریان لێ زەوتکرابوو، لەدوای (16ی ئۆکتۆبەر)یشەوە دووبارە عەرەبی هاوردە دەستیان بەسەر زەوییەکانیاندا گرتەوە، بەڵگەی خاوەنداریه‌تی زەویەکانیان هەیە، بەڵام حوکمی هێز بەسەر یاسا زاڵە و کاری پێناکرێت.

لیژنەیەکی پەرلەمانی، تایبەت بە چارسەرکردنی كێشه‌ی زەوی و زاری جوتیاران لە سنووری پارێزگای کەرکووك پێکهێنراوە، یەکەم راپۆرتیان بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بەرزکردووه‌تەوە و داوا راگرتنی رێوشوێنەکان کراوە بەرامبەر جوتیارانی کورد، بەڵام وەزارەتی کشتوکاڵ و عەرەبی هاوردە دەست لە تەعریبی سنوورەکە هەڵناگرن.

د.ی

Fly Erbil Advertisment