حکومەتی عێراق لیژنەی باڵای چاکسازی پێکدێنێت

كازمی سەرۆكایەتی لیژنەكە دەكات و ژمارەیەك وەزیر تێیدا ئەندامن

كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق
كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق

K24 - ھەولێر

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاریدا لیژنەی باڵای چاکسازی پێکبهێنرێت و مستەفا كازمی سەرۆكی لیژنەكە دەبێت.

لە دوا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بە سەرپەرشتی مستەفا كازمی، حكومەتی عێراق بڕیاریدا لیژنەی باڵای چاکسازی پێکبهێنرێت، كە کازمی سەرۆکی لیژنەكە و وەزیری دارایی جێگر و بە ئەندامیێتی ھەر یەك لە وەزیرانی پلاندانان، نەوت، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران، پارێزگاری بانکی ناوەندی و راوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ستراتیژی پێکدێت و سەرپەرشتی بەرنامەی چاکسازی حکومەت دەکات، لە سەرجەم بوارەکاندا.

هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، باس لە دۆخی تەندروستی و ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق و جیهان کرا و ئەو رێکارانەش تاوتوێ کران، کە بۆ رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسەکە گیراونەتەبەر، داواش لە هاووڵاتیان کرا، پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن.

ئەمە لەكاتێكدایە بەگوێرەی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی عێراق یەكێكە لە وڵاتە گەندەڵەكانی جیھان و بڕێكی زۆری پارەی ئەو وڵاتە بە ھەدەر دەدرێت و داھاتەكەی نادیارە.

Fly Erbil Advertisment