تەندروستی ھەولێر ھۆشداری دەدات
شەپۆلێكی دیكەی كۆرۆنا گەیشتووەتە عێراق
K24 - ھەولێر
تەندروستی هەولێر هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەدات.
بژار مووسا، گوتەبێژی تەندروستی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند کۆرۆنای گۆڕاو لە عێراق سەریهەڵداوە و مەترسی بڵاوبوونەوەی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە.
گوتیشی: "شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا لە جۆری كۆرۆنای گۆڕاو گەیشتووەتە عێراق، رێكارەكانی خۆپارێزی توند كراون، بۆیە داوا خەڵك دەكەین خۆیان بپارێزن".
سەبارەت بەو بۆچوونەی دەگوترێت ئەوانەی پێشتر تووشی كۆرۆنا بوونە جارێكی دیكە تووش نابن، بژارد مووسا گوتی: "ئەو بۆچوونە سەلمێنراو نییە، ھەروەھا ھەندێك خەڵك دەڵێن كۆرۆنا نەماوە، ئەوەیان زۆر ھەڵەیە، كۆرۆنا ھێشتا ماوە و رەنگە ئەم شەپۆلەیان قورستربێت".
خەختیكردەوە: "ئەگەر ھاووڵاتییان ھاوكارمان نەبن و دۆخەكە بە جددی وەرنەگرن، بەگوێرەی پێشبینییەكان رەنگە رووبەڕووی دۆخێكی سەختر ببینەوە".
لەلایەكی دیكە هەمزە رەزیکی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی تەندروستی دهۆک بە کوردستان24ی راگەیاند، ئێستا 24 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی دهۆک خەوێندراون و دۆخی تەندروستی 9 لە تووشبووەکانیش خراپە.
داواشی لە هاووڵاتییان کرد، زیاتر پابەندی رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بن.