رۆژنامەنووسی و سیخوڕی، بەرژوەندی هاوبەش نەک خاڵی هاوبەش

دەزگا سیخوڕییەکان چۆن بە ناوی رۆژنامەنووسی کاری هەواڵگیریی دەکەن؟

رۆژنامەنووسی جەنگ
رۆژنامەنووسی جەنگ

K24- هەولێر:

رۆژنامەنووسی و سیخوڕی، لە مێژە یەکتر بۆ دەستکەوتنی زانیاری و هەواڵی دەرەکی و دۆسییەی نهێنی بەکاردەهێنن.

دەزگا سیخوڕییەکانی ئەمەریکا لە جەنگی ڤێتنام، "رۆژنامەنووسیان" بەکارهێناوە؛ تەنانەت راپۆرتی کۆنگرێسی ئەمەریکا هەیە باس لەوە دەکات، دەزگای هەواڵگیریی ئەمەریکا (سی ئای ئەی) لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو، رۆژنامەنووسی دەزگا میدیاییەکانی ئەمەریکای بۆ دەستکەوتنی زانیاری بەکارهێناوە، ناردوونی بۆ هەندێک شوێن، لە رووی هەواڵی گرنگی نەبووە، بەڵام خزمەتی بە کاری هەواڵگیریی کردووە.

هەروەها، سی ئای ئەی، ئەو کەسانەی بەکارهێناوە کە بەشێوەی پارچە (فری لانسەر) کاری بۆ دەزگا میدیاییەکان کردووە، هەندێکجار کاریکردووەتە سەر میدیای وڵاتانی دیکەش.

یەکێک لە رۆژنامەنووسە ناسراوەکان لەو بوارەدا، کیم فیڵبی بەریتانییە؛ یەکێکە لە هەرە رۆژنامەنووس/سیخووڕە دیارەکانی بواری میدیایی و هەواڵگیریی؛ بەناوی سێ رۆژنامەی بەریتانی نێردرایە بەیروت ئەوانیش رۆژنامەکانی تایمز، ئیکۆنامیست و ئۆبسێرڤەر بوون. دوای ئەوەی دەزگا هەواڵگیرییەکانی بەریتانیا زانیان، کیم لەگەڵ دەزگایەکی دیکە دەستی تێکەڵکردووە، ژیانی کەوتەوە مەترسیەوە و لەگەڵ ژنی هاوڕێیەکی بۆ مۆسکۆ هەڵات.

رووسیاش یەکێکە لەو وڵاتانەی میدیای بۆ خزمەتی دەزگای هەواڵگیریی سوپاکەی بەکارهێناوە. ئەلێکساندەر ڤاسیلیڤ لە کتێبەکەی باس لەوە دەکات چۆن کاری بۆ دەزگای هەواڵگیریی وڵاتەکەی کردووە دژی ئەمەریکا.

ئەلێکساندەر ڤاسیلیڤ نووسیویەتی، من کەسێک بووم گومانم لەسەر نەبوو، هیچ جوویەک لە خێزانەکەم نەبوو، زمانێکی باشم دەزانی و بڕوانامەم لە رۆژنامەنووسی نێودەوڵەتی هەبوو کە ئەو بوارە باشترینە بۆ خزمەت بە دەزگا هەواڵگیرییەکان.

تا رووخانی یەکێتی سۆڤیەت، ئەلێکساندەر ڤاسیلیڤ کاری بۆ (کەی جی بی- باڵاترین دەزگای هەواڵگیریی یەکێتی سۆڤیەت) دەکرد. لە کتێبەکەی بەناوی ''سیخوڕەکان: دروستبوون و رووخانی کەی جی بی لە ئەمەریکا''، باسی لە تۆڕی هەواڵگیریی یەکێتی سۆڤیەت کردووە و چەند زانیارییەکی نهێنی بڵاوکردووەتەوە.

ئاسیدۆر فێینستێین ستۆن، یەکێکی دیکەیە لە سیخوڕەکانی یەکێتی سۆڤیەت کە خەڵکی ئەمەریکایە، لە ساڵانی 1936 بۆ 1938 کاری کردووە و نازناوی ''بیلینی'' بووە، دوای تەواو بوونی کارەکەشی، شەش ساڵ دوای ئەوە، هەر هاوکاری سۆڤیەتییەکانی کردووە. کاری سەرەکی ئەم سیخوڕە ئەوە بووە، زانیاری لەسەر سیخوڕی وڵاتانی دیکە کۆبکاتەوە.

ڤلادمیر پلاڤدین، یەکێکە لە سیخوڕەکانی کەی جی بی، لە ساڵی 1944 هەوڵی دا جارێکی دیکە ستۆن بۆ تۆڕی سیخوڕییەکەی یەکێتی سۆڤیەت بگوازێتەوە، بەڵام ستۆن لە ترسی لەدەستدانی سێ منداڵەکەی ئەو کارەی رەتکردەوە، بەڵام وەک رۆژنامەنووسێک هەر مایەوە.

یەکێتی سۆڤیەت چەندین سیخوڕی لە ئەمەریکا هەبوو، 22 لەوان رۆژنامەنووس بوون، 49 ئەندازیار، هەشتیان پرۆفیسۆر و چواریان شارەزای ئابووری.

لە سەردەمی ئێستاش، بەکارهێنانی رۆژنامەوانیی بۆ کاری سیخوڕیی بەردەوامە. ساڵی 2014، جەیسن رێزائیان، بەرپرسی نووسینگەی واشنتن پۆست لە تاران، لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکرا، تاران تۆمەتی سیخووڕی دایە پاڵی و لە ساڵی 2016 بەهۆی هەوڵەکانی ئەمەریکا، ئازادکرا.

هەروەها، فەرزاد بازۆف، رۆژنامەنووسێکی رۆژنامەی ئۆبسێرڤەری بەریتانی کە بە رەگەز ئێرانی بوو، لە ساڵی 1990 لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی عێراق بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل دەستگیر کرا و کوژرا.

جیا لەوەش، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو، چەندین رۆژنامەنووس لە لایەن وڵاتانی جیهانەوە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن دەستگیرکراون، دواینیان دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسێکی ئوستراڵی بوو لە لایەن چینەوە، تۆمەتی ئەوەی درایەپاڵ، سیخوڕیی بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئوستراڵیا کردووە.

بەکارهێنانی رۆژنامەنووسان وەک ئەندامێکی دەزگاکانی هەواڵگیریی، دەستە و یەکێتییەکانی رۆژنامەنووسانی لە جیهان دڵگران کردووە.

مارکۆس ستۆرم، سەرۆکی هاوپەیمانی میدیایی و هونەری جیهانی لەوبارەوە دەڵێت، ئەو کارانە تەواو دژی بەهاکانی رۆژنامەگەرین و دەبێت لە رێسا رەوشتییەکانی رۆژنامەنووسی باسی لێوە بکرێت.

دەشڵێت، ئەرکی رۆژنامەنووسان پاراستنی سەلامەتی گشتییە لە رێگای کاری رۆژنامەوانیی نەک کاری هەواڵگیریی.

هەروەها پیتەر ئێدوارد، شارەزای سیاسەتی بەرگری و دەرەوە لە گۆڤاری فاینەنشیاڵ تایمز دەڵێت، لەو کارانە بەرژەوەندی هاوبەش هەیە نەک خاڵی هاوبەش، بەڵام پەیوەندیەکی مەترسیدارە و ناودەنگی ئەو دەزگا و رۆژنامەنووسانە لەکەدار دەکات.

یەکێک لەو هۆکارانەی رۆژنامەنووسان بەکاردەهێنرێن بۆ کاری سیخووڕی ئەوەیە، رۆژنامەنووسان بواریان زۆرە بچنە دەرەوەی وڵات بەبێ ئەوەی گومانێکی ئەوتۆیان لێبکرێت، هەرەوەها مافی دەستڕاگەیشتنیان بە زانیارییەکان هەیە و پاڵپشتیش دەکرێن.

Financial review

Nieman Reports

US congress reports