وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە هێرشکردنە سەر هەولێر ''تووڕەیە''

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا باس لە هێرشەکەی هەولێر و پەیوەندی لەگەڵ مەسرور بارزانی دەکات

ئەو ئۆتۆمبێلەی مووشەکەکانی لێوە ئاراستە کران   فۆتۆ: دژە تیرۆری کوردستان
ئەو ئۆتۆمبێلەی مووشەکەکانی لێوە ئاراستە کران فۆتۆ: دژە تیرۆری کوردستان

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، راگەیەندراوێکی لەبارەی ئاراستەکردنی چەند مووشەکێک بۆ هەولێر بڵاوکردەوە و نیگەرانی تووندی خۆی نیشان دەدات.

لە راگەیەندراوەکە هاتووە، ئێمە تووڕە و نیگەرانین لە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان لە عێراق. زانیارییەکان پێمان دەڵێن بەڵێندەرێک کوژراوە و پێنجی دیکەش برینداربووە، ئەندامێکی هێزەکانی ئەمەریکا برینداربووە.

بلینکن دەڵێت، هاوخەمی خۆمان بۆ کەسوکاری ئەو بەڵێندەرەی گیانی لەدەستداوە و هەموو ئەوانەی قوربانیان داوە دەردەبڕین.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا باس لە پەیوەندی خۆی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و رایگەیاندووە، پەیوەندیم بە سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانییەوە کرد تاوەکو باس لە رووداوەکە بکەین. هەروەها پشتگیریی خۆمان بۆ بەدواداچوون و سزادانی ئەوانەی بەو کارە هەستاون دەربڕی.

کاتژمێر نۆ و 30 خولەکی دوێنێ شەو، چەند مووشەکێک ئاراستەی هەولێر کران، بەهۆیەوە چەند هاووڵاتییەکی مەدەنی برینداربوون و بەڵێندەرێکیش کە کاری بۆ هێزەکانی ئەمەریکا دەکرد گیانی لەدەستدا. گروپێک بە ناوی ''سەرایا ئەولیا ئەلدەم'' بەرپرسیارەتی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ و لە راگەیەندراوێک دەڵێن، ئامانجیان ''ئەمەریکییە داگیرکەرەکانە''.

Fly Erbil Advertisment