پلاسخارت: ھێرشەكەی سەر ھەولێر ھەوڵدانە بۆ خۆشكردنی ئاگری ناكۆكییەكان

"پێویستە ھاریكارییەكی تۆكمە لە نێوان بەغدا و ھەولێردا ھەبێت"
جێنین هێنس پڵاسخارت, نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق
جێنین هێنس پڵاسخارت, نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق

K24 – ھەولێر:

جێنین هێنس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند: هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووى سەر هەولێر هەڕەشەیەکی مەزنە بۆ سەر سەقامگیریی عێراق.

لە کۆبوونەوەی تایبەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە عێراق، پلاسخارت گوتی: "پێویستە سەرکردە عێراقییەکان وڵاتەکەیان لە دەستێوەردانی دەرەکی رزگار بکەن و رێگە نەدەن ئاگری ناکۆکی خۆش بکرێت".

جێنین پلاسخارت لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا گوتی: "پێویستە عێراق پێداگری و جددیەتی خۆی لەناوخۆ رێکبخاتەوە و رێگە بە دەستتێوەردانی دەرەکی نەدات لە ناو وڵاتەکەی. ئەمەش بەرپرسیاریێتییەکی هاوبەشە لەنێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش".

گوتیشی: "جارێکی دیکە دەیڵێمەوە؛ هەوڵی نەزۆك بۆ خۆشکردنی ئاگری ناکۆکی وەك هێرشەکە مووشەکییەکەی دوێنێ شەو بۆ سەر هەولێر، هەڕەشەیەکی مەزنە بۆ سەقامگیری عێراق".

نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان روونیكردەوە، "پێویستە عێراق نەرمی ناوخۆیی بنوێنێت و پارێزراو بێت لە ناكۆكییەكان". جەختیشیكردەوە لەوەی "پێویستە ھاریكارییەكی تۆكمە لە نێوان بەغدا و ھەولێردا ھەبێت، بۆ ده‌ستگیركردن و رادەستكردنی ئەنجامدەرانی ھێرشەكەی سەر ھەولێر بە دادگا".