روحانی: 8 جار داوایەكی ترەمپم رەتكردەوە
"هیچ شێوەیەک لەبارەی بەرنامە مووشەکییەکان دانوستان ناکەین"

K24 - ھەولێر
سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکاوە 8 جار داوای لێکراوە بۆ دانوستان لەبارەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی و زیادکردنی خاڵی دیکە بە دانوستانەکان لەبارەی پرسی مووشەکی ئێران و داواکەیان رەتکردووەتەوە.
ئەو گوتانەی حەسەن روحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لەمیانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کابینەکەیدا بوو راشیگەیاند، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک لەبارەی بەرنامە مووشەکییەکان دانوستان ناکات و هیچ خاڵێکیش بە رێککەوتنی ئەتۆمی زیاد یان کەم ناکەن.
ئەمە لەكاتێكدایە دوێنێ سێشەممە 16/2/2021 ئانتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، دەرگای دپلۆماسی بەڕووی ئێران کراوەتەوە و ئەگەر بگەڕێتەوە بۆ پابەندییەکانی بە رێککەوتنەکان، ئەمەریکاش هەمان هەنگاو دەگرێتەبەر.