پزیشکێکی زاخۆیی بە داهێنانێک هەزاران کەس لە مردن رزگاردەکات

بە داهێنانەکەی، مرۆڤایەتی و جیهان بەرەو قۆناغێکی نوێی زانستی پزیشکی هەنگاو دەنێت

K24 - دهۆک

دوای تێپەڕینی نۆ ساڵ، دکتۆر ئازاد نەجاڕ بە بینینی دهۆک شادبووەوە. دکتۆر ئازاد بە دەستی پڕ لە داهێنانی پزیشکی گەڕاوەتەوە، داهێنانێک کە ساڵانە ژیانی هەزاران کەس لە مردن رزگار دەکات.

دکتۆر ئازاد نەجاڕ زاخۆیی، ئەو پزیشکەی داهێنانی گەورەی لە بواری زانستی پزیشکیدا کردووە و، بۆ یەکەمین جار دڵێکی دەستکردی بە شێوازێکی پێشکەوتوو لەسەر ئاستی جیهان دروست کردووە.

لە دهۆکەوە قسە بۆ کوردستان24 دەکات، دکتۆر ئازاد دەڵێ "ئەو جۆرە دڵەی دروستی دەکەین، دڵی تەواو دەستکردە، واتا کاتێک دڵی نەساغ چارەسەری نییە و چاندنی دڵی دیکەش یارمەتیدەر نابێت، دڵە نەساغەکە دەردەهێنین، دڵەکەی دیکە دەخەینە شوێنی و ژیانیان بەردەوام دەبێت".

ئەو جۆرە دڵەی دکتۆر ئازاد دروستی کردووە و ناوی لێنراوە "Real Heart" واتا دڵی راستەقینە. ئەو دەڵێ "ئەمە نەوەیەکی نوێی دڵی دەستکردە و، پێشتر کەس دروستی نەکردووە، ئێمە یەکەم کەسین توانیومانە دروستی بکەین".

ئەو دڵەی کوڕەکەی زاخۆ دروستیکردووە، پێشتر هاوشێوەی نەبووە و لەسەر دڵی سرووشتی دروستکراوە، هەمان کاری دڵی سرووشتی دەکات و بەم داهێنانەش مرۆڤایەتی و جیهان بەرەو قۆناغێکی نوێی زانستی هەنگاو دەنێت.

دکتۆر ئازاد باس لەوە دەکات "لە دروستکردندا، ئەو دڵە زۆر جیاوازە، عەقڵێکی ئەلیکترۆنیی تێدایە کە دەتوانێت بەپێی پێویستیی جەستە، خۆی رێکبخاتەوە".

جگە لە دروستکردنی دڵی دەستکرد، دکتۆر ئازاد نەجاڕ داهێنانی دیکەشی لە بواری پزیشکیدا کردووە، کە دروستکردنی دەستکێشە بۆ نەشتەرگەریی نازووڕ، ئەمیش داهێنانێکی بێپێشینەیە لەسەر ئاستی جیهان، کە خزمەتێکی زۆر بە مرۆڤایەتی دەکات.

دکتۆر ئازاد نەجاڕ لە ساڵی 1968 لە زاخۆ لەدایکبووە و، دەرچووی بەشی پزیشکیی زانکۆی موسڵە، ماوەی چەندین ساڵە لە وڵاتی سوید دەژی و زیاتر لە 20 ساڵە کار لە بواری داهێنانی پزیشکی دەکات.

کاتێکیش لە دهۆکەوە قسە بۆ کوردستان24 دەکات، دکتۆرە زاخۆییەکە دەڵێ "زۆر دڵم خۆشە، باوەڕ بکە ئەمە دوو خۆشترین هەفتەی ژیانمە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو، کوردستان زۆر پێشکەوتووە".

 

هـ.ر.