رەوتی سەدر: بەغدامان لە کارەسات پاراست
بڵاوبوونەوەی چەكدارانی سەرایا سەلام لە شەقامەكانی بەغدا "بۆ چاوترساندن و بانگەشەی ھەڵبژاردن نەبوو"

K24 – ھەولێر
گوتەبێژی رەوتی سەدر رایگەیاند "گرووپی سەرایا سەلام بەغدای لە كارەسات پاراست و بۆ چاوترساندن و بانگەشەی ھەڵبژاردن لە شەقامەكانی بەغدا بڵاونەبوونەتەوە".
سەڵاح عوبەیدی، گوتەبێژی رەوتی سەدر لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی "بڵاوبوونەوەی چەکدارانی گرووپی سەرایا سەلام، لە ماوەی رابردوودا لە بەغدا، شارەکەی لە کارەسات پاراست".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "هەندێک خەڵک دژی ئەو هەنگاوە وەستانەوە، بەڵام زۆربەیان پشتگیرییان کرد".
گوتەبێژی رەوتی سەدر رەتیکردەوە، مەبەست لە بڵاوکردنەوەی چەکدارەکانی گرووپەکەیان لە بەغدا، بە مەبەستی چاوترساندن و بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بووبێت.
ئەم گوتانەی گوتەبێژی رەوتی سەدر، دوای ئەوەدێت لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارانی سەرایا سەلام لە شەقامەكانی بەغدا بڵاوكرانەوە، ئەمەش ترس و دڵەڕاوكێی لای خەڵك دروستكرد و ئەگەری پێكدادانی سەربازیی لەنێوان ھێزەكانی سەر بە حكومەتی عێراق و رەوتی سەدر ھەبوو.