ھاتووچۆ لەنێوان شارەكانی ھەرێمی كوردستان و عێراق سنووردار دەكرێت
ھەفتەی یەكەمی مانگی داھاتوو ڤاكسین دەگاتە ھەرێمی كوردستان

K24 – ھەولێر
بریكاری وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، ئەو بژاردەیە قبوڵكراوە، كە ھاتووچۆ لەنێوان شارەكانی ھەرێمی كوردستان و عێراق سنووردار بكرێت.
د. رەهێڵ فەرەیدون، بریكاری وەزارەتی تەندروستی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەكانی تەندروستی گفتوگۆمان لەبارەی ھاتووچۆی لەنێوان شارەكانی ھەرێمی كوردستان و عێراق كرد، دواجار ئەو بژاردەیەمان قبوڵكرا، كە ھاتووچۆ سنووردار بكرێت و ئەو كەسانەی لە شارەكانی عێراق دێنە ھەرێمی كوردستان، پشكنینی PCR یان بۆ بكرێت و فۆڕم و ناونیشان بۆ پڕبكرێتەوە و بەڵێنامەیان لێوەربگیرێت".
سەبارەت بە ئەگەری قەدەغەی ھاتووچۆ، بریاری وەزارەتی تەندروستی گوتی: "ئێستا ھیچ ئەگەر بۆ راگەیاندنی قەدەغەی ھاتووچۆ نییە".
لەبارەی گەیشتنی ڤاكسین بۆ ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد: "بڕیارە لە ھەفتەی یەكەمی مانگی داھاتوو بگاتە ئەو كۆگایانەی تایبەت كراون بە ھەڵگرتنی ڤاكسین".
روونیشیكردەوە: "لە سەرەتادا ڤاكسین بۆ ئەو كەسانە بەكاردەھێنرێت كە لە ھێڵی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنان، ئەوانەن كە لە نەخۆشخانە و سەنتەرەكانی كۆرۆنا كار دەكەن، ئەو ژمارەیەی بە دەستمان دەگات دەتوانین بۆ كەسانی بە تەمەن ئەوانەی نەخۆشی درێژخانیان بەكاربھێنرێت".
د. رەھێڵ فەرەیدون، ئەوەشی خستەڕوو: "بەكارھێنانی ڤاكسین ناچاری نییە، بەڵام ھیواخوازین ھەموو كەس بەكاری بھێنن".