كۆشكی سپی: ئێران ده‌ستبه‌رداری پابه‌ندبوونه‌كانی به‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی بووه‌

جین ساكی: ئێمە هیچ ئاماژەیەکمان نەناردووە و هەنگاوی زیاتریش بە ئاراستەی جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی تاران نانێین
جین ساكی، گوته‌بێژی كۆشكی سپی
جین ساكی، گوته‌بێژی كۆشكی سپی

K24- هه‌ولێر:

جێن ساکی، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند: ئێران لە پابەندییەکانی بە رێککەوتنی ئەتۆمییەوە زۆر دوورکەوتووەتەوە و واشنتن هیچ هەنکاوێك بە ئاراستەی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی تاران نانێت.

ئه‌م گوتانه‌ی ساكی لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دوایین لێداونی رێبەری ئێران هاتوون، کە گوتبووی: ئەگەر پێویست بکات بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم بۆ لەسەدا 60 زیاد دەکەن.

ساكی دووپاتیكرده‌وه‌، "ئەو راگەێندراوە لەلایەن ئەوروپیەکانەوە بڵاوکرایەوە و ئێمەیان بانگهێشت کرد، بۆ ئەوەی داوا لە ئێرانیەکان بکەین بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ".

گوتیشی: "ئێمە هیچ ئاماژەیەکمان نەناردووە و هەنگاوی زیاتریش بەو ئاراستەیە نانێین. ئەوەشی وەزیری دەرەوە بلینکن گوتوویەتی ئەوەیە، کە دیپلۆماسی باشترین رێگەیە بۆ رێگریکردن لە ئێران لەوەی دەستی بگاتە ئەتۆم".

هه‌روه‌ها جه‌ختی كرده‌وه‌، "ئێران زۆر دوورە لە پابەندییەکانیەوە بە رێککەوتنەکە، ئەمە سەرۆك و وەزیری دەرەوە و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمه‌ریکاش گوتوویانە. ئەوەی ئێمە دەرگامان بۆی کراوەیە دیپلۆماسیە".

گوته‌بێژی كۆشكی سپی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئێران ده‌ستبه‌رداری پابەندبوونەکانی بووه‌ و ئێمەش هیچ هەنگاوێك بە ئاراستەی جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان نانێین. ئێستا لە قۆناغێکداین، ئەوروپیەکان چاوەڕێی وەڵامی ئەو بانگهێشتنامەیەن، كه‌ ئاراستەی ئێرانیان کردووە، بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ".

H.B