له‌مه‌ودوا ھەر کەس و لایەنێك بە بێ بەڵگە ھێرش بكاته‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌ی دادوه‌ری رووبه‌ڕووی یاسا ده‌كرێته‌وه‌

"له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ناوی ئازادییه‌وه‌ په‌لاماری داروبه‌ردی ئه‌م وڵاته‌ ده‌درێت"

سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان
سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان

K24- هه‌ولێر:

ده‌زگای داواکاری گشتیی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاریدا سکاڵا لە دژی ھەر کەس و لایەنێك بجووڵێنێت کە بە بێ بەڵگە ھێرش بکەنە سەر داوکاری گشتی و ناوی داواکاری گشتی و دادگاکانيش لەکەدار بكات.

له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌شدار مه‌جید، گوتەبێژی دەزگای داواکاری گشتی دووپاتیكرده‌وه‌ "رەچاوی بارودۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستانمان کرووە، بەڵام ئەگەر بگاتە ئه‌و راده‌یه‌ی سووکایەتی بە داواکاری گشتی بکرێت، سکاڵای یاسايی بەرامبەر ھەرکەسێك دەجووڵێنین، كه‌ تەشهیری نایاسايی بە داواکاری گشتی بکات".

ياساناسان و شارەزایانی یاسايی ئەم ھەوڵانە بە مەترسیدار وەسف دەکەن و دەڵێن: ھەندێك کەس کەوتوونەتە ناو ئەو گێژاوەی ھەندێك لایەن بۆ ناشیرنکردنی دەسەڵاتی دادوەری ھەرێمی کوردستان دەستیان پێکردووە. هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ئه‌رده‌لان ئه‌حمه‌د، پارێزەری راوێژکار ئاشكراى ده‌كات، "لە ھیچ شوێنێکی ئەم جیهانه‌ کەسيك نادۆزرێته‌وه‌ ئه‌و بوێرییه‌ی هه‌بێت دەست لە کاروباری دادگا وەربدات، بەڵام لە هه‌رێمى کوردستان سوودیان لەو ئازادیه وەرگرتووە و هه‌ر بە ناوی ئازادی و یاساوە، پەلاماری داروبەردی ئەم وڵاتە دەدەن".

دەزگای داواکاری گشتی کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام داوه‌، بڕیاریشیان داوە، ھەر کەس و لایەنێك بە بێ بەڵگە تانە و تەشەر بكات و ھێرش بکاتە سەر داواکاری گشتی و دادوەر و دادگاکان لەسەر ھەر بابەتێکی یاسايی کە پەیوەندی بەوانەوە ھەبێت، سکاڵای یاسايی له دژی دەجووڵێنرێت و دەبێت بە بەڵگەوه بەپێی مادەکانی 433 و 434 لە یاسای سزادانی عێراقی بۆ دادگا تایبەتمەندەکان روونی بکاتەوە، چونکە بە بێ بەڵگە شکۆی داواکاری گشتیان لەکەدار کردووە.

H.B