ئەمهریكا: توانای ئێران لاوازتر دەكەین
تا ئێستا میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە هەوڵی بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیدان لە عێراقدا

K24 – ھەولێر:
کۆشکی سپی جارێکی دیکە دووپاتی كردەوە، تا ئێستا میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە هەوڵی بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیدان لە عێراقدا، هێرشە مووشەکییەکەی ئەم دواییەی سەر هەولێریش گەواهیدەری ئەم راستییەن.
جەنەڕاڵ کێنێث مەکێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریکا گوتی: هیچ بنکە و بارەگایەکی سەربازی لە ناوچەکە داناخەین و توانای ئێران لاوازتر دەکەین، بۆ ئەوەی نەتوانێت بنکەکانمان بکاتە ئامانج.
جەنەڕاڵ کێنێث مەکێنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریکا، ئێرانی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی هێرشی مووشەکی و بە ئامانجگرتنی هێزەکانی ئەمهریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە رێگەی میلیشیاکانی نزیک لەخۆی لە عێراق و رایگەیاند، هێرشە مووشەکییەکەی ئەم دواییەی سەر هەولێریش گەواهیدەری ئەم راستییەن.
مەکێنزی گوتی: هیچ بنکە و بارەگایەکی سەربازی لە ناوچەکە داناخەین و توانای ئێران لاوازتر دەکەین، بۆ ئەوەی نەتوانێت بیانکاتە ئامانج.
لەلای خۆیەوە، نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، میلیشیاکانی سەربە ئێرانی، بە ئەنجامدانی هێرشە مووشەکییەکان تۆمەتبارکرد و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، حکومەتی عێراق، سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لەو هێرشانە؛ بەڵام کۆتایی نەهاتووە. رەتیشیکردەوە، هێرشەکان پەیوەندییان بە هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئێران لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمییەوە هەبێت.
پرایس گوتیشی: پێشتر لوید ئۆستن وەزیری بەرگری پەیوەندی بە وەزیرانی بەرگری و ناوخۆی عێراقەوە کردووە بۆ هاوکاریکردنی بەغدا لە لێکۆڵینەوەکان، بەڵام وەڵامێکی ئەرێنی وەرنەگرتووەتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە کۆشکی سپی رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمهریکا و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا، هێرشی مووشەکی ئەم دواییانەیان بۆ سەر هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانان تاوتوێ کردووە و جەختییان لەسەر پێویستی سزادانی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە کردووتەوە.
ئەمەریکا و بەشێک لە بەرپرسانی عێراق، میلیشیاکانی نزیک لە ئێران، بە ئەنجامدانی هێرشە مووشەکییەکان تۆمەتبار دەکەن، هەرچەندە ئەو هێرشانە کەمتر زیانی گیانییان لێدەکەوێتەوە، بەڵام لە هێرشەکەی سەر هەولێر، دوو کەس کوژران و 7ی دیکەش برینداربوون.