پیسبوونی ژینگە تا چەند کاریگەری بەسەر منداڵانەوە هەیە؟
(3) ههزار و (700) منداڵ بهشداری له توێژینهوهیهك دهكهن

K24 – ئهوروپا:
لە ئیسپانیا لە ئەنجامی توێژینەوەیەکدا، کە لەسەر (3) ههزار و (700) منداڵ ئەنجامدراوە، ئەوە نیشاندەدات، کە چۆن پیسبوون و خراپبوونی ژینگە کاریگەری لەسەر قورسایی تازە لەدایکبووان و سیستمی هەناسەدان و زیرەکیان هەیە.
کاتێک بێلێن، لە ساڵی (2005) لە دوازدەمین هەفتەی دووگیانیدا بوو، یەکەمین ئێکۆگرافی دووگیانی ئەنجامدا، پەرستارێک لەناوەندی چارەسەری تەندروستی، لە نەخۆشخانەی "سانت فێلیکس" لە "سابادێل"، پێشنیاری بۆ دەکات، کە بەشداری پڕۆژەی توێژینەوەیەک بکات، لەسەر دایکانی دووگیان، بەو جۆرە دەستی بەچاودێری زانستی گەورەبوونی کوڕەکەی "رۆجێر" کرد، کە ئەوکاتە کێشی چەند گرامێک بوو لەناو سکی دایکیدا، بەڵام ئێستا دەبێتە (15) ساڵی تەمەنی و هەر بەردەوامە لە چاوێری تەندروستی و پڕۆژەکە.
بێلێن و رۆجێر، بەشێکن لەو گرووپەی، کە (3) ههزار و (700) دایک و (3) ههزار و (700) منداڵ پێکدەهێنن، بۆ توێژینەوەیەک لە (7) ناوچەی بەرفراوانی ئیسپانیا کاریان لەسەر دەکەن و (20) ساڵە ئەو توێژینەوەیە بەردەوامە و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، کە خراپبوونی ژینگە کاریگەری لەسەر کێشی تازە لەدایکبووان و کۆی سیستمی هەناسەدان و زیرەکیان هەیە.
خاتوو بێلێن هینارێخۆس، خۆبەخشانە و بێ ئەوەی بەرامبەر هیچ وەربگرێت، چەندین ساڵە هەموو ئامادەیی پیشانداوە بۆ ئەو توێژینەوەیە و هەرگیز لەداواکارییەکان بێزار نەبووە گوتی: "من هەمیشە لەگەڵ زانست و کار و بەدواداچوونی زانستیدا بووم، خۆشم کارە سەرەکییەکەم کاری تەکنیکی تاقیگهیە، دەمزانی بەشداریكردنم لەو توێژینەوەیەدا هیچ زەرەر ناکەم، ئێمە لەناوچەیەکی شارۆچکەی سابادێل (لە دووری 35 کم لە بەرشلۆنەوە) دەژین، کە قەرەباڵغە و رۆژانە بە چەندین شێواز پیسبوونی ژینگەی تێدا روودەدات.
بێلێن، زیاتر باس لە توێژینەوەکە دەکات و بەردەوام دەبێت لەوەی، لەکاتی دوگیانیدا و چوونە ناو ئەو پڕۆژەیەوە، بەردەوام چاودێری منداڵەکەیان لەناو سکیدا دەکرد، لەکاتی گرتنی ئێکۆگرافیدا، هەموو زانیاریەکان لهبارەی گەشەسەندن و گەورەبوونی سەر، لەش و کێشیان دەکرد و تۆماریان دەکرد. رۆجێر، لە (10ی ئایاری 2006) لەدایک بووه، پێش کاتی چاوەڕوانکراو بە مانگێک، لەگەڵ زوو هاتنە دونیاشەوە کێشی (3) کیلۆ بوو.
یەکێک لە ئەنجامەکانی توێژینەوەکە باس لەوەدەکات، ئەو منداڵانەی کە دایکیان لە ناوچە قەرەباڵغەکان و دووکەڵ و ژینگە پیسە تێیاندا کێشیان کەمتر بووە و بە جەستەش بچوکترن، بەتایبەتی منداڵی ئەو دایکە دووگیانانەی زیاتر لە ماڵەوەن.
ئەو پڕۆژەیە چەندین کایەی زانستی دیكهی تێدا بەشداربوون و لێکۆڵەرەوان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، کە (2) ههزار و (505) دایک و (2) ههزار و (505) منداڵ، کە لە ناویاندا "بێلێن" و "رۆجێر"یش هەن، کاریگەری دووەم ئۆکسیدی نایترۆجین و بەنزین لەسەر دایکان هەیە و زیان بە تازە لەدایک بووانەوە دەگەیەنێت. ئەو دایکانەشی لەناوچە ژینگە پیسەکاندا ژیاون، کێشی مامناوەندی منداڵەکانیان (70) بۆ (80) گرام بووە و کەمتر بوون لەو ناوچانەی ژینگە کەمتر پیس بووە. ئەمەش ئاماژە نییە بۆ ئەوەی ئەو شوێنانەی زیاتر ژینگە تیایاندا پیسە، ناوچەی هەژارنشین یان مامناوەند بن، بەڵکو هەندێک جار ناوچە و گەڕەکی دەوڵەمەند و کەسانی ئاستی زانستی و ئابووری بەرزیان هەبووە و ژینکە تێیاندا پاک نەبووە.
بەگشتی بۆ کێشەی پیسبوونی ژینگە و کاریگەرییەکانی لە ئەوروپادا چەندین توێژینەوە بەردەوامن، لە نەرویج لە ساڵانی شەستەکانەوە لەسەر لێکۆڵینەوە بەردەوامن و ئەوانەی خۆبەخشانە ئامادەبوون، لە لەدایک بوونیانەوە تائێستا هەر بەردەوامن، لە بەریتانیا لەبەردەوامی توێژینەوەکاندا وا خەریکە منداڵی کەسانی ناو توێژینەوەکان لەدایک دەبن و بەشداری بەدواداچوونەکان دەكهن.
سەرچاوە: رۆژنامەی لەریپوبلیکای ئیتالی
د.ی