به‌هۆی مه‌ترسییه‌كانی كۆرۆنا رێگه‌پێدان به هاتنی پاسه گه‌شتیارییه‌كان راگیرا
"بازگه‌كانمان دانه‌خستووه، ته‌نیا رێگه به گرووپه گه‌شتیارییه‌كان ناده‌ین"

K24- هه‌ولێر:
لەپێناو رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا، سەرجەم بازگەکانی ھەولێر بەڕووی پاسە گەشتییارییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق تا کاتێکی نادیار داخران.
جارێکی دیكه لەبەر ھەڵکشانی ئامارەکانی کۆرۆنا و مه‌ترسى بڵاوبوونه‌وه‌ى كۆرۆناى گۆڕاو له شاره‌كانى عێراق بە ناچاری بازگەکانی ھەولێر بەڕووی گەشتیاران و گرووپە گەشتیارییەکان داخرا، قایمقامی ھەولێر ئاشكراى كرد، تەنیا رێگە بەو کەسانە دەدرێت، کە ئیشێکی تایبەت، یان نەخۆشن و پێویستییان بەچارەسەرە، بێنه ناو پارێزگای ھەولێر و ئەم بڕیارە جارێ بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت.
نەبەز عه‌بدولحه‌مید، قایمقامی ناوەندی ھەولێر گوتی: "له‌به‌ر مه‌ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنای گۆڕاو، هاتنی گرووپه گه‌شتیارییه‌كانمان بۆ كاتێكی نادیار راگرتووه، ئه‌مه‌ش بۆ سه‌لامه‌تی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانه، بازگه‌كانمان دانه‌خستووه، ته‌نیا رێگه به گرووپه گه‌شتیارییه‌كان ناده‌ین".
جگە لەوەی رێگە بە گرووپ و پاسەکانی گەشتیاری نادرێت، لە رێگەی تیمە تەندروستییەکانەوە لە بازگەکان پشکنین بۆ سەرجەم ئەو ھاووڵاتیانە دەکرێت کە دینه ناوشاری ھەولێر، د. بژار مو‌سا، گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی تەندروستی ھەولێر ئاماژیهی به‌وه كرد، ئەم رێككاره باشترین رێگەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەندروستی پارێزگای ھەولێر.
بەگشتی (26) بازگە لە سنوورى پارێزگای ھەولێر ھەن، بەھۆی ئەوەی رەوشی کەشوھەوا گونجاوە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا ژمارەی گەشتیاران، کە لە بازگەکانەوە ھاتوونەتە ھەولێر زۆر زيادى كردبوو، تەنیا لە بازگەی شێراوە، رۆژانە نزیکەی (10) ھەزار گەشتیار ھاتوونەتە ناو شاری ھەولێر، ئه‌وه‌ش مه‌ترسى تووشبوونى زياترى كۆرۆناى لێده‌كرا، بۆیه تا كاتيكى ناديار بازگەکانی ھەولێر بەڕووی گەشتیاران و گرووپە گەشتیارییەکان داخرا.
د.ی